نێچیرڤان بارزانی لەناو كوردستاندا شوێنی توندرەوی و شەڕی تائیفی و مەزهەبی نابێتەوە
خواكورك
لەمیانی بەشداری كردنی لە كۆنفرانسی ئایینی وەزارەتی ئەوقاف لە شاری هەولێر، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، چاوی گەلی کورد و پێشمەرگە لەسەر مامۆستایانی ئایینییە بۆ بنبڕکردنی بیری تووندڕەوی و نایانەوێت شەڕی تائیفی و مەزهەبی لە کوردستان رووبدات. جەختیشیكردەوە بۆ هەرێمی کوردستان گرنگە دراوسێکانی بێ کێشە بن.
رۆژی سێ شەممە 8ی 11ی 2016 وەزارەتی ئاوقاف كۆنفراسێكی ئاینی دەستێكرد، لەسەرەتاوە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆك وەزیرانی كوردستان بە وتارێك بەشداری كۆنفراسەكەی كردوو رایگەیاند لەکاتێکدا لەو دۆخە ئەمنییە ئارامەداین هۆکارەکەی بۆ رۆڵ و قارەمانیەتی هێزەکانی پێشمەرگە و دەزگا ئەمنییەکانی کوردستان دەگەڕێتەوە کە ماوەی زیاتر لە دوو ساڵە بەرەنگاری گرووپێکی تیرۆرسیتی دڕندە دەبنەوە و پێشمەرگە ئازایەتییەکی زۆر دەنوێنێت لە تێکشکاندنی تیرۆریستانی داعشدا.
هەروەها نێچیرڤان بارزانی گوتی “داعش بە کردەوە دڕندەو خراپەکانی و بەناوی ئیسلامەوە وێنەی ئیسلامی ناشیرین کردووە، پێشمەرگەش بەو ئەخلاقە بەرزەی بووەتە مایەی شانازی گەلی کورد و ناوچەکە و هەموو جیهان، دیمەنەکانی نوێژکردنی بەکۆمەڵی بەیانیانی پێشمەرگە و هاوکاریکردنی منداڵ و خێزانی ئاوارەکان ئەخلاقی گەورەی پێشمەرگە پیشاندەدەن، کە لە شۆڕشەکانیشدا هەمان ئەو ئەخلاقەی پەیڕەوکردووە”.
نێچیرڤان بارزانی لەمەر هەرێمی کوردستان دەیەوێت دراوسێی ناوچەیەکی ئارام بێت نەوەک دراوسێی ناوچەیەک بێت پڕبێت لە کێشە و گرفت و ناکۆکی، هەروەها سەرکردایەتی سیاسی کوردستان و پێشمەرگە پیشانی هەموو جیهانیاندا کە ئاشتیان دەوێ و ئەوەش لە پێکەوەژیانی ئایینی لە هەرێمی کوردستان سەرچاوەی گرتووە”.
لەبارەی عێراقی دوای داعش، نێچیرڤان بارزانی گوتی ” تاوەكو ئێستا هیچ رێککەوتنێک نییە بۆ عێراقی دوای داعش، هاوکات رێککەوتنی سیاسی نێودەوڵەتیش نییە بۆ فۆرمێکی نوێی ناوچەکە لەدوای داعش، بۆیە بۆ ئەوەی رێگە لە بیری تووندوتیژی بگیرێت لەدوای داعش دەبێت ئێوەی مامۆستایانی ئایینی رێگە لە بڵاوبوونەوەی بیری تووندوتیژی بگرن”.