پۆستی پارێزگاری كەركووك لای حەشدە یان پارتی؟
شاخەوان برایم عەبدوڵڵا
كاك قادر عەزیزی ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، پێیوایە پۆستی پارێزگاری كەركووك راستەوخۆ بەدەست پارتییەوەیە، واتە پارتی دەتوانێ داوا لە ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگەكە بكات تا ئەو كەیسە یەكلایی بكرێتەوە، بە دانانی پارێزگارێكی دیكە بۆ كەركووك.
دەكرێ بەشێكی ئەو قسەیەی كاك قادر راست بێت، بەوپێیەی پارتی ئەگەرچی ژمارەی كورسییەكانیشی لە كەركووك كەمن، بەڵام ئیرادەی سیاسی ئەو حیزبە لە كەركووك زۆر شتی پێدەكرێت، بەڵام هەموو شتێكیش نا، بەتایبەتی پرسە گەورەكان، سەرەڕای ئەوە پێویستە كاك قادر و خودی یەكێتیش ئەو راستییە بزانن لە دوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017، ئەو رووداوە هەموو شتێكی نەك تەنیا بۆ پارتی، بەڵكوو بۆ كۆی تاكەكانی كوردستان خستە بەردەم گۆڕانكارییەكی خراپەوە، بەتایبەتی لە پرسی تەعریبكردنی شارەكە كەس گوێ بۆ كورد ناگرێت و بە هێواشی تەعریبی تێدا دەكرێت.
پێش ئەوەی كاك قادر گلەیی لە پارتی بكات گوایە هاوكاری یەكێتی ناكات لە دانانی پارێزگارێك بۆ كەركووك، پێویستە ئەو گلەییە لە هەڤاڵەكانی خۆی لە یەكێتی بكات كە بە چ شێوەیەك ئەو پۆستە و كۆی شارەكە رادەست بە حەشدی شەعبی كراوە، رادەستكردنێك كە پێگەی كوردی لە شارەكە تەواو لاواز كردووە.
كاك قادر لە بری ئەوەی داوا لە پارتی بكات بۆ هاوكاریكردنی یەكێتی لە دانانی كەسێك بۆ پۆستەكە، پێویستە ئەو داوایە لە حەشد بكات، چونكە حەشدی شەعبی لە كەركووك باڵادەستە، نەك پارتی، ئاخر حەشد تەنانەت گوێ بە هاوكارەكانی خۆشی (یەكێتی) لە كەركووك ناگرێت، چ جای پارتی كە شەڕی حەشدی كردووە! كاك قادر زۆر باش دەزانێت لە ئەدەبیاتی ئێستای سیاسی پارتی لە كەیسی كەركووكدا، ئەو شارە وەك داگیركراو ناوی دەهێندرێت و یەك بارەگەی پارتیش لە كەركووكدا بوونی نییە كە هاوشێوەی ئەوانەی یەكێتی بە ئاشكرا و بەبێ ئاڵای كوردستان لە شارەكەدا بن. كەوایە كاك قادر نەك هەر نەیزانیوە بە رەخنەكەی پارتی بپێكێت، بەڵكو توانا و تێگەیشتنی سیاسی خۆشی دەرخستووە كە نازانێت دۆخە سیاسییەكان وەك ئەوەی هەیە هەڵسەنگێنێت.
دەی من لە كاك قادر دەپرسم، پارتی لە دوای رووداوی 16ی ئۆكتۆبەرەوە داوای ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركووك دەكات بە دانانی پارێزگاریشەوە، بەڵام كوانێ حەشدی شەعبی ئەو داوایەی پارتی قبووڵ دەكات؟ هەڵبەت ئەوەشە هۆكاری سەرەكی كە پارتی شارەكەی بایكۆتكردووە و ئامادە نییە بچێتەوە كەركووكێك حەشدی شەعبی رێگەت نەدات ئاڵای كوردستان بەرز بكەیتەوە، ئەوەی كاك قادر و بەشێك لە یەكێتییەكان لە كەركووك پێی رازین، هەڵبەت پارتی ئەوەی پێ قبووڵ ناكرێت و بایكۆتی كردووە، ئەم قسەیەش سۆز و عاتیفە و رێكلامی سیاسی نییە، هەر ئێستا پارتی بیەوێت بەو جۆرەی كە یەكێتی لە كەركووكە، دەتوانێ سبەی بچێتەوە كەركووك، بەڵام لە ژێر سایەی لوولەی تانك و فەرمانی راكانەكان دەبێت، بەڵام پارتی هاوشێوەی یەكێتی بەم جۆرە بەشداری سیاسی و ئیداری لە شارەكەدا ناكات.
كاك قادر پرسی پێكهێنانی حكوومەت و دانانی پۆستی پارێزگاری كەركووكی تێكەڵكردووە و بێ ئاگاش لەوەی سەركردەكانیی یەكێتی بەدوای ئەوەوەن كە پۆستی زیاتر وەربگرن تا كوڕ و كچەكانیان ببن بە وەزیر و مەسئولی دیكە، بۆیەش داوا لە پارتی دەكەن، ژمارەی كورسی نەكاتە پێوەر بۆ دابەشكردنی پۆستەكان، لە كاتێكدا پارتی و گۆڕان دەیانەوێت ژمارەی كورسیی بكەنە پێوەر بۆ دابەشكردنی كورسییەكان، كەوایە دەتوانین بڵێین كاك قادر هەر ئاگای لەوە نییە لە ناو حیزبەكەی چی دەگوزەرێت و ئەوەی سەركردەكانی بیری لێ دەكەنەوە، لەگەڵ ئەوەی ئەو باسی دەكات زۆر جیاوازە، هەر بۆ زانیاری كاك قادریش، یەكێتی بە یەك وەزارەتیش بێت بەشداری حكوومەت دەكات!