بۆچی یاریكردن لە یانەی بەرشەلۆنە زەحمەتە؟
مالكۆمی ئەستێرەی لاوی بەڕازیلی هۆكاری ئەوەی ئاشكرا كرد كە یاریكردن لە ریزی یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی كارێكی زەحمەتە.
شەوی رابردوو یانەی بەرشەلۆنە لە گەڕی 21ی خولی پلە یەكی ئیسپانیا لەنێو یاریگەی كامپ نوو بە ئەنجامی 3-1 گۆڵ لە یانەی لیگانیسی
بردەوە.
مالكۆم لەو یارییەدا لە خولەكی 69 هاتە ناو یاریگە دوای ئەوەی عوسمان دێمبێلێی ئەستێرەی فڕەنسی تووشی پێكهانی ئەژنۆی هات.
دوای یارییەكە رۆژنامەی (سپۆڕت)ی ئیسپانی چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ مالكۆم كرد و تێیدا رایگەیاند: یاریكردن لە ریزی یانەی بەرشەلۆنە
كارێكی زەحمەتە، چونكە سەرجەم یاریزانەكان ئاستیان لەوپەڕی بەرزیدایە.
زیاتر گوتی: لە یانەی بەرشەلۆنە باشترین یاریزانەكانی جیهان یاری دەكەن، بۆ ئەوەی هەلی یاریكردنیشت هەبێت دەبێت ئارامیت هەبێت و سوود لە سەرجەم ئەو كاتانە وەربگرێ كە بەشداریت پێ دەكرێ.
ئەستێرە لاوە بەڕازیلییەكە راشیگەیاند: هەر كاتێك دێیە ناو یاریگە لە یانەی بەرشەلۆنە دەبێت هەوڵ بدەیت بە باشترین شێوە ئاستەكانت پێشكەش بكەیت.
لە كۆتاییدا جەختی كردەوە كە ئامانجی سەرەكی سەرجەم یاریزانەكانی یانەی بەرشەلۆنە لە وەرزی ئەمساڵدا ئەوەیە ناسناوەكان بەدەستبێنین و بۆ ئەمەش هەموو توانایەكی خۆمان دەخەینەگەڕ.
جێی باسە بە سەركەوتنەی شەوی رابردوو یانەی بەرشەلۆنە ژمارەی خاڵەكانی كردە 46 و هەر لە پێشەنگی یانەكانی خولی ئیسپانیا مایەوە و جیاوازی خاڵەكانی لەگەڵ نزیكترین ركابەری كە یانەی ئەتلەتیكۆ مەدریدە كردە 5 خاڵ، یانەی لیگانیسیش ژمارەی خاڵەكانی لە 22 و ریزبەندی 13ی یانەكان مایەوە.