مۆراتا یه‌ك هه‌نگاوی ماوه بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌ڕێته‌وه لالیگا
به گوێره‌ی میدیاكانی ئیسپانیا و بریتانیا ئالڤارۆ مۆراتا ته‌نیا یه‌ك هه‌نگاوی ماوه بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌ڕێته‌وه لالیگا و واژووی له‌سه‌ر گرێبه‌ستی ئاتڵێتیكۆ مه‌درید بكات.
ئه‌مرۆ یه‌كشه‌ممه، 20 جه‌نیوه‌ری 2019، پێگه‌ی رادیۆ كۆپێ ئیسپانیا ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كردووه كه یانه‌ی ئاتڵێتیكۆ مه‌درید له‌گه‌ڵ ئالڤارۆ مۆراتا گه‌یشتۆته رێككه‌وتن و له چه‌ند رۆژی داهاتوو به فه‌رمی ئه‌م یاریزانه به میدیاكان ده‌ناسێنێت.
له لایه‌كی دیكه‌یشه‌وه، پێگه‌ی میره‌ری بریتانیا جه‌ختی له‌وه كردۆته‌وه كه ماوریسیۆ ساری راهێنه‌ری چێڵسی گڵۆپی سه‌وزی بۆ مۆراتا هه‌ڵكردووه كه له گواستنه‌وه‌ی زستانه له یانه‌كه بڕوات.
له لایه‌كی دیكه‌یشه‌وه، ئاماژه بۆ ئه‌وه كراوه كه بارسێلۆنا تا دواسات ده‌یه‌وێت به نرخێكی هه‌رزان مۆراتا بۆ ریزه‌كانی بگوازێته‌وه، به‌ڵام پێشبینی ئه‌وه كراوه كه ئه‌و یاریزانه ئاتڵێتیكۆ مه‌درید هه‌ڵبژێرێت.
ئالڤارۆ مۆراتای ته‌مه‌ن 26 ساڵ، له هاوینی 2017 له یانه‌ی ریال مه‌دریده‌وه به به‌های 40 ملیۆن یۆرۆ روویكرده چێڵسی، به‌ڵام نه‌یتوانی پێشتر له سه‌رده‌می ئا‌نتۆنیۆ كۆنتی راهێنه‌ر خۆی بسه‌لمێنێت و شوێنی خۆی له پێكهاته‌ی سه‌ره‌كی بكاته‌وه، له‌گه‌ڵ هاتنی ماوریسیۆ ساریش تووشی هه‌مان زه‌حمه‌تی بووه و نه‌یتوانی له كورسی یه‌ده‌گ خۆی رزگار بكات.