پارتی و گۆڕان كۆ دەبنەوە

بڕیارە ئەمڕۆ لە شاری هەولێر، پارتی دیموكراتی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان بۆ پرسی پێكهێنانی حكوومەتی نوێ‌ كۆ ببنەوە و نزیكبوونەوەی ئەو دوو حزبەش لە یەكتر، بەشداركردنی گۆڕانی تا ئاستێك یەكلا كردووەتەوە، ئەندامێكی شاندی دانوستانكاری پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایگەیاند، كۆبوونەوەكان لەگەڵ  گۆڕان دەست پێ‌ دەكەنەوە وەك كۆبوونەوەی دوێنێ‌ لەگەڵ یەكێتی.

ئەو ئەندامە كە نەیویست ناوی بهێنرێت گوتی، جارێ‌ زووە بزانرێ ئەنجامی كۆبوونەوەكان چین ئەنجام دەدرێن، بۆیە چاوەڕوانی هەڵوێستی لایەنەكانین، كۆبوونەوەی نێوان بزووتنەوەی گۆڕان و پارتی دیموكراتی كوردستان بەڕێوە چوو و تیایدا بڕیار درا بە پێكهێنانی دوو لیژنە لە نێوانیان

دوێنێ‌ كۆبوونەوەی نێوان شاندی دانوستانكاری پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی لە شاری سلێمانی بەڕێوە چوو و كۆبوونەوەكەیش بە كراوەیی مایەوە و گفتوگۆكان بەردەوام دەبێت، هەرچی بزووتنەوەی گۆڕانە لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان لە دوو كۆبوونەوەی ڕابردوو تا ئاستێك گەیشتوون بەو ئەنجامەی كە بەشداری كابینەی نوێی حكوومەت دەكەن بەگوێرەی قەبارەی خۆیان.

پارتی خاوەنی 45 كورسیی پەرلەمانی كوردستانە و ئەركی پێكهێنانی حكوومەتی داهاتووی كوردستانی لە ئەستۆیە، تا ئێستە دوو جار لەگەڵ یەكێتی و گۆڕان كۆ بووەتەوە بۆ ئەوەی بەشدارییان لە حكوومەتی داهاتووی كوردستان پێ بكات.

 

Back to top button