له‌باره‌ی كوردانی ڕۆژئاوا وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا هۆشداری ده‌داته‌ ئه‌ردۆگان

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا جارێكی تر له‌ گفتوگۆی له‌گه‌ڵ مه‌ولود چاوشئۆغلۆی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا سووربوونی وڵاته‌كه‌ی له‌ گره‌نتیكردنی هاوپه‌یمانه‌ كورده‌كان دووپات كرده‌وه‌ و پابه‌ندبوونی واشنتنیشی به‌ ڕێگری له‌ هه‌ر مه‌ترسییه‌ك بۆ سه‌ر توركیا و پاراستنی سنووری له‌گه‌ڵ سووریا ڕاگه‌یاند.

وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا له‌ ڕاگه‌یه‌نراوێكدا به‌ ناوی رۆبێرت بالادینو گوته‌بێژی وه‌زاره‌ته‌كه‌ بڵاوی كرده‌وه‌، كه‌ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا و توركیا له‌ گفتوگۆیه‌كی ته‌له‌فۆنی دووپاتیان له‌ هاریكاری به‌رده‌وامی ئه‌مه‌ریكا و توركیا له‌ دوای كشانه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكایش له‌ سووریا كرده‌وه‌.

له‌ به‌شێكی تری ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌ هاتووه‌، واشنتن سووره‌ له‌سه‌ر پاراستنی ئه‌و هێزانه‌ی هه‌ماهه‌نگ و هاوكاربوون له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی بۆ ڕووبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی داعش، وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ هێزه‌كانی كورد كه‌ هاوپه‌یمانی ئه‌مه‌ریكان له‌ سووریا و جه‌نگی تیرۆر ده‌كه‌ن، ئه‌و دووپاتكردنه‌وه‌ی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌ كاتێكدایه‌ ڕۆژی 19 كانوونی یه‌كه‌م / دیسێمبه‌ر سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا بڕیاری كشانه‌وه‌ی دوو هه‌زار سه‌ربازی وڵاته‌كه‌ی له‌ سووریا ڕاگه‌یاند، ئه‌مه‌یش كورده‌كانی خسته‌ به‌رده‌م مه‌ترسی هێرشی توركیا، به‌ڵام دواتر ئه‌مه‌ریكا په‌شیمانبووه‌وه‌ و سووره‌ له‌سه‌ر پاراستنی كورد له‌ باكور و ڕۆژهه‌ڵاتی سووریا.

 

 

Back to top button