گۆڕان داوای پۆستێکی یەکێتی دەکا و بە هێڵی سوور لە قەڵەمی دەدا

ئەندامێکی جڤاتی نیشتمانیی گۆڕان ڕای دەگەیەنێت، ئەگەر جێگری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان وەربگرن، ئەوا دەتوانن مۆرکی دوو ئیدارەیی بسڕیتەوە.

ھێمن شێخانی ئەندامی جڤاتی نیشتمانی و بەرپرسی مەکۆی هەولێری بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ڕایگەیاند: ئەگەر بڕیاربێت گۆڕان بچێتە ناو حکوومەتەوە، ئیستحقاقمان چییە بە بێ زیاد و کەم وەریدەگرین، بەرپرسەکەی گۆڕان زیاتر ڕوونیشی کردەوە، پۆستە باڵاکانی وەك سەرۆکی ھەرێم، سەرۆکی حکوومەت، سەرۆکی پەرلەمان و جێگری سەرۆکی حکوومەت کە دەتوانن خزمەت بکەن، پێمان وایە کاریگەریی زۆریان دەبێت. گوتیشی: لە ئەگەری وەرگرتنی پۆستی جێگری سەرۆکی حکوومەت لەلایەن گۆڕانەوە، پێموایە گۆڕان دەتوانێت مۆرکی دوو ئیدارەیی بسڕێتەوە، لەبەر ئەوەی ھێزێکی بێ چەکە و خاوەنی خەباتی مەدەنییە.

شێخانی زیاتر ڕونیكرده‌وه‌، پارتی دیموکراتی کوردستان کە هێزی یەکەمە و بۆ کابینەکە ڕاسپێردراوە، دادپەروەرانە مامەڵە لەگەڵ ئەو لایەنە سیاسییانە بکات کە بەشداریی لە حکوومەت دەکەن.

ئەمە لە کاتێکدایە کە ئەمڕۆ سێشەممە ٢٢ی ١ی ٢٠١٩، میدیاکانی سەر بە گۆڕان بڵاویان کردەوە کە بزووتنەوەکەیان پۆستی جێگری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە هێڵی سوور دەزانێت و لە کۆبوونەوەی ڕابردووشدا بە پارتی دیموکراتی کوردستانیان ڕاگەیاندووە کە وەك چۆن لە خولی رابردووی پەرلەماندا یەکێتی هێزی سێیەم بوو پۆستی جێگری سەرۆکی حکوومەتی وەرگرت، لەم خولەدا گۆڕان هێزی سێیەمە و هەمان پۆستی دەوێت.

 

 

Back to top button