لیژنه‌كان كاری خۆیان ده‌كه‌ن و پارتیش گریكوێره‌كان ده‌كاته‌وه‌

لیژنەكانی نێوان (پارتی و یەکێتی) و (پارتی ‌و گۆڕان) تایبەت بە پرسی پێکهێنانی حکوومەت، بۆ تاوتووکردنی کارنامەی حکوومەت و دابەشکردنی پۆستەکان دەستیان بە کارەکانیان کردووە و پارتی دیموكراتی كوردستان به‌گه‌شبینیه‌وه‌ ده‌روانیته‌ پێكهینانی حكومه‌ت و كردنه‌وه‌ی گریكوێره‌كان .

فرسەت سۆفی، ئەندامی لیژنەی دانوستاندنكاری پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت” دابەشكردنی پۆستەكانی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان یەكلابووەتەوە” ئەوەش وەك ئاماژەیەك بۆ رێكەوتنی كۆتایی نێوان یەكێتی و پارتی چونكە یەكلاكردنەوەی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان پەیوەستە بە پۆستەكانی حكومەت و سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان “.

ئه‌ندامه‌كه‌ی لیژنه‌ی دانوستاندكاری پارتی دەشڵێت” سەرۆكی پەرلەمان بۆ یەكێتی دەبێت، بەڵام لەنێوان رێواز فایەق و بێگەرد تاڵەبانی هێشتا بڕیاری كۆتایی نەدراوە. جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمان بۆ پارتی دەبێت و هێمن هەورامی پۆستەكە وەردەگرێت. جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانیش بۆ یەكێك لە پێكهاتەكانە و هێشتا لەنێوان توركمان و مەسیحییەكاندا یەكلانەبووەتەوە”.

هەرچی بزووتنەوەی گۆڕانیشە یه‌كلایی بونه‌ته‌وه‌ له‌ به‌شداریكردنی حكومه‌تدا و سه‌رقاڵی وەرگرتنی سیڤین بۆ پركردنەوەی پۆستەكان و دوو لیژنەشیان لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان پێكهێناوە كە یەكێكیان تایبەتە بە كارنامەی حكومەت و دووەمیشیان میكانیزمی دابەشكردنی پۆستەكان.

هێمن شێخانی،به‌رپرسی مه‌كۆی هه‌ولێرو ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان گووتی: ” بزوتنەوەی گۆڕان داوای ۳ وەزارەتی خزمەتگوزاری دەكات، چونكە لەڕێی وەزارەتە خزمەتگوزارییەكانەوە باشتر دەتوانێ لە كێشەی خەڵك تێبگات و خزمەت بكات، بەڵام بە دڵنیاییەوە، شاندی دانوستاندنكاری گۆڕان بەبێ بەدەستهێنانی بەڵێنی جێگری سەرۆكی حكومەت، ئەستەمە بتوانن بڕیاری بەشداری بدەن”.

وا بڕیاریشە ئەمڕۆ سێشەمە لە شاری هەولێر، هەردوو لیژنەی گۆڕان‌ و پارتی دیموکراتی کوردستان كۆ ببنەوە، کە ئامانجی سەرەکیی ئەو لیژنانە ئامادەکردنی بەرنامەی کاری حکوومەت و دیاریکردنی پۆستەکانی پشکی گۆڕانە، لە کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا.

Back to top button