پارتی دیموكراتی كوردستان و بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ڕازین به‌ ئه‌نجامی كۆبونه‌وه‌كانی نیوانیان

پارتی‌ و گۆڕان “زۆر ڕازین” بە ئەنجامی كۆبوونەوەكەی ئه‌مڕۆی نێوانیان‌و قسەی “ڕوون‌و ڕاشكاو”یان لەگەڵ یەكتر كردووە دەربارەی حوكمڕانیی لە چوار ساڵی داهاتووی هەرێمی كوردستان، بەڵام هێشتا نەگەیشتوونەتە ڕێككەوتنی كۆتایی‌و میكانیزمی دابەشكردنی پۆستەكان‌و پشكی گۆڕان لە حكومەت پرسەكە یەكلایی دەكاتەوە.

هۆشیار زێباری، ئەندامی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان لەبارەی کۆبوونەوەیان لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان له‌ كۆنگڕایه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا ڕیگەیاند:” لەگەڵ برادەرانی گۆڕان دوو لیژنەی هونەریمان دروستکردبوو، یەکێک بۆ رێککەوتن لەسەر بەرنامەی داهاتووی حکومەت، ئەوەی دیکە بۆ پێوەرەکانی بەشداربوون، هەردوو کۆبوونەوەکە بەباشی بەڕێوەچوون، دوێنێش شاندی ئێمە لە سلێمانی بوون لەگەڵ برادەرانی یەکێتی، تەئکیدمان لەسەر ئەوە کردەوە کە کات لە بەرژەوەندی هیچ لایەکدا نییە، دەبێت پەلە بکەین حکومەت دابمەزرێت، چونکە ماوەیەکی زۆری بەسەرداچووە”.

ئەندامه‌كەی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: “لەسەر کێشە بنەڕەتییەکان لێکتێگیشتن هەیە، لەسەر پێوەرەکانی بەشداربوون و بەرنامەی حکومەت بە چ شێوەیەک دەبێت، ئەولەویاتی ئەو حکومەتە چ بێت، لەلایەکی دیکە بەردەوام دەبین لە دانوستاندن، چونکە هیچ بژاردەی دیکەمان نییە کە پێکەوە ئەو حکومەت دروستبکەین، بە لەبەرچاوگرتنی ئیستحقاقی هەڵبژاردن هەموولایەک بە ئاسوودەیی بەشداربن، هیچ نییەتێک نییە بۆ پەراوێزخستنی هیچ لایەنێک، بەڵام دەبێت هەموو لایەک هەست بەو بەرپرسیاریێتییە بکەن، ئەو بۆشاییەی حکومی و دەستوورییەی لە هەرێمی کوردستان هەیە، لە بەرژەوەندی میڵەتی خۆمان نییە”.

لای خۆیه‌وه‌ دانا عەبدولكەریم ئەندامی شاندی دانوستكاری بزووتنەوەی گۆڕان ، گوتی: “كۆبوونەوەیەكی راشكاوانە بوو، لە كۆبوونەوەكەدا باس لە میكانیزمەكانی پێكھێنانی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان كرا، ھیوادارین ئەو لایەنانەی كە بەشداری لە حكوومەت دەكەن، پێكەوە بتوانین خزمەتی خەڵكی كوردستان بكەین”.

چڕبوونەوەی گفتوگۆی حیزبەكان بۆ پێكهێنانی حكومەت لە كاتێكدایە زیاتر له‌ سێ مانگ بەسەر هەڵبژاردندا تێپەڕبووەو هێشتا سەرۆكایەتی پەرلەمان هەڵنەبژێردراوە، ناكۆكییەكانی ناو یه‌كیتی هۆكاری سەرەكیی دواكەوتنی پێكهێنانی كابینەی نوێیە‌.

ئەمڕۆ سێشەممە ۲۲ی۱ی۲۰۱۹، شاندی دانوستاندنکاری پارتی دیموکراتی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەبارەی پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پیرمام کۆبوونەوە.

Back to top button