ڕێبوار تاڵەبانی: پۆستی پارێزگاری كەركووك مافی پارتییە

سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك ئاشكرای دەكات، وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری كەركووك مافی پارتی دیموكراتی كوردستانە و تاوەكو دۆخی پارێزگاكە ئاسایی نەكرێتەوە پارێزگار دانەنرێت، چونكە هیچ دەسەلاتێكی نابێت.

ئەمڕۆ چوار شەممه‌، ڕێبوار تاڵەبانی سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك له‌ گفتووگۆیه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا ڕای گەیاند، هەتا بارودۆخی كەركووك ئاسایی نەكرێتەوە پارێزگاری كەركووك دانەنرێت، چونكە ئەگەر داشبنرێت، هیچ دەسەڵاتێكی ئیداری ناتوانرێت لەشارەكە جێ بەجێ بكرێت، بۆیە ناكرێت پارێزگارێك دابنرێت لەژێر پۆستاڵی عەسكەری.

سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك گوتی، كۆبوونەوەی ئەنجوومەن بۆ دانانی پارێزگار یا هەر بابەتێك بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجوومەن بێ سەرۆكی ئەنجوومەن ناكرێت، بەڵام لەم دۆخەدا ژیانم لەمەترسیدایە ناتوانم بگەڕێمەوە بۆ كەركووك بەبێ ئەوەی لایەنێك گرەنتی پاراستنی لایەنی ئاسایش نەدات، بەڵام ئەگەر لایەنە كوردییەكە ڕێكەوتن لەسەردانانی پارێزگارێك بۆ كەركووك كۆبونەوەكە لەدەرەوەی كەركووك كرا كەبەپێی پەیڕەوی ناوخۆ ڕێگەپێدراوە ئامادەم دانیشتنەكان بەڕێوەببەم.

تاڵەبانی ئاشكرای دەكات، پۆستی پارێزگاری كەركووك مافی لیستی برایەتیە ئەگەر بەپێی “ئیستحقاقی هەڵبژاردن” بێت پۆستی پارێزگار ” ئیستحقاق”ی پارتی دیموكراتی كوردستانە، چونكە پارتی زۆرینەن لەو لیستە، بەڵام ئەگەر بەپێی “ئیستحقاق”ی سیاسی بێت ئەوە شتێكی ترە و دەكەوێتەوە سەر ڕێكەوتنی لایەنە سیاسییەكان، ئەو گوتانەی تاڵەبانی لە كاتێكە یەكێتی لەو شارە چەندینجار هەوڵیدا دوای ڕووداوەكانی 16ـی ئۆكتۆبەر كۆ بوونەوەی ئەنجوومەن بە ڕێكەوتن لەگەڵ عەرەب و توركمان بكات بەڵام شكستی هێنا.

 

Back to top button