بڕیار لەسەر مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان درا
درەنگانی شەوی ڕابردوو لیژنەی دارایی و فڕاكسیۆنەكانی نێو ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لە گفتوگۆی بەردەوام بوون و بڕیار درا هەرێم پابەند نەبێت بە ناردنی نەوت، مووچەی فەرمانبەران و پێشمەرگە بنێرێت.
پێش دانیشتنی ئەمڕۆ چوارشەممه ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كە بڕیارە دوای نیوەڕۆ دەست پێ بكات، بڕیار لیژنەكان لەسەر كۆمەڵێ خاڵ ڕێككەوتوون، لەوانە كۆتایی بە گفتوگۆكان لەسەر مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان دراوە و ئەمڕۆ تەواوی بابەتەكانی بودجەی ساڵی 2019 دەخرێتە دەنگدانەوە.
هۆشیار عەبدوڵا ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە فەیسبووك بڵاوی كردووەتەوە، لە رەشنووسی بودجەی ساڵی ۲٠۱۹ دا ، لە مادەی 10 برگەی “ج” پاش گفتوگۆیەكی رژد بە جۆرێك جێگیرمان كرد كە لە حاڵەتێكدا هەرێم پابەند نەبێت بە ناردنی نەوت، مووچەی فەرمانبەران و پێشمەرگە بێتە ناردن.
ئاشكرای كردووە كە ئەمشەو كۆتاییمان بە گفتوگۆكان هێنا، دوا خوێندەوە و چێكردنەوەی دەق و جەدوەل و ژمارەكان، ئەمڕۆ چوارشەم بەیانییەكەی پێش دانیشتنی پەرلەمان بەڕێوە دەچێت و لە دانیشتنی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆی پەرلەماندا بودجەی ساڵی ۲٠۱۹ دەخرێتە دەنگدانەوه، هاوكات دوێنێ سێ شەممه ئەحمەد حاجی ڕەشید ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە لیژنەی دارایی ڕایگەیاند، لە نێوان هەموو فڕاكسیۆنە كوردییەكان گفتوگۆ كراوە لەسەر بودجە و مووچەی هەرێمی كوردستان، هەموومان لەسەر ئەوە كۆك بووین دەستبردن بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان هێڵی سوورە.
ئەندامەكەی ئەنجوومەنی نوێنەران گوتی، ئەمڕۆ دانیشتنی ئەنجوومەن بەڕێوە دەچێت لەگەڵ شیعە و سوننە گفتوگۆمان كردووە لەكاتی گفتوگۆكردن لەسەر مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان دژبەری دروست نەبێت، ئاشكرای كرد، هەموو هەوڵەكان ئێستە لەلایەن فڕاكسیۆنە كوردییەكان بەرلە چوونە ناو هۆڵی پەرلەمان ئەوەیە دەستكاری مووچە و بودجە نەكرێت كە بەشی هەرێمی كوردستانە.
بەپێی ئەو بڕگانەی لە پڕِۆژە یاسای بودجەی عێراق دیاری كراوە، پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بە 500 ملیار دینار زیاتر دانراوە ئەگەر نەوتیش ڕادەستی بەغدا نەكرێت، لە بڕگەیەكیدا هاتووە ئەگەر هەرێمی كوردستان نەوتەكەی لەڕێی سۆمۆوە ڕەوانە بكات، ئەوا عێراق پابەندە بە پێدانی بڕی 10 ترلیۆن دیناری عێراقی بە هەرێمی كوردستان.
لە ساڵی 2014ەوە بەهۆی بڕینی بودجەی كوردستان، هەرێمی كوردستان و خەڵكەكەی تووشی تەنگژەیەكی قورسی دارایی بوون و پێشبینی دەكرێ لە سەردەمی حكوومەتی نوێ بە سەرۆكایەتیی عادل عەبدولمەهدی، بودجە و پشكی كوردستان بۆ هەولێر ڕەوانە بكرێتەوە و ژیانی خەڵك ئاسایی ببێتەوە و تەنگژەكان كۆتاییان پێ بێت.