هه‌وڵه‌كان بۆ پێكهێنانی سه‌رۆكایه‌تییه‌كانی كوردستان چڕ ده‌كرێنه‌وه‌

كۆبوونه‌وه‌ی لیژنه‌كانی نێوان پارتی و یه‌كێتی – پارتی و گۆڕان، بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی هه‌رێم به‌رده‌وامه‌، هه‌وڵه‌كان چڕ كراونه‌ته‌وه‌ بۆ په‌له‌كردن له‌ دروستكردنی سه‌رۆكایه‌تییه‌كانی كوردستان. سه‌ركرده‌یه‌كی پارتی و ئه‌ندامێكی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان، زانیاری له‌باره‌ی كاره‌كانی لیژنه‌كان و ده‌سه‌ڵاته‌كانیان ده‌خه‌نه‌ ڕوو.

پارتی دیموكراتی كوردستان كه‌ به‌ 45 كورسی براوه‌ی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستانه‌، هه‌ریه‌ك له‌ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانی خستووه‌ته‌ ناو سێره‌ی پێكهێنانی حكوومه‌ت و په‌رله‌مان و له‌ 10 رۆژی رابردوودا گفتوگۆكان گه‌یشتن به‌ قۆناغی پێشكه‌وتوو, بۆیه‌ لیژنه‌ی تایبه‌ت پێكهاتووه‌ بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی ورده‌كاریی رێككه‌وتنه‌كان.

بڵند ئیسماعیل ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگه‌یاند، دوای ئه‌وه‌ی كۆبوونه‌وه‌ی رابردوو نزیكبوونه‌وه‌یه‌كی ته‌واو هه‌بوو له‌ نێوان پارتی و یه‌كێتی – پارتی و گۆڕان، بڕیاری دروستكردنی دوو لیژنه‌ درا.

به‌گوته‌ی ئیسماعیل، لیژنه‌یه‌ك پێكهاتووه‌ له‌ نێوان یه‌كێتی و پارتی كار له‌سه‌ر پێكهێنانی حكوومه‌ت ده‌كات؍ لیژنه‌یه‌كی تری باڵاش پێكهاتووه‌ له‌سه‌ر ئاستی مه‌كته‌بی سیاسی، ئه‌وانیش سه‌رقاڵی ئه‌وه‌ن رێككه‌وتنێكی سیاسی دابڕێژن له‌ نێوان پارتی و یه‌كێتی؍ تا ئێسته‌ چه‌ند كۆبوونه‌وه‌یه‌كیان كردووه‌.

بڵند ئیسماعیل كه‌ هاوكات لێپرسراوی لقی ۱٦ی پارتی گوتی، ناتوانین ئه‌وه‌ بڵێین كه‌ كاری ئه‌و لیژنانه‌ كۆتایان هاتووه‌، چونكه‌ ئه‌مڕۆ له‌گه‌ڵ یه‌كێتی داده‌نیشیت و ئه‌وان داوای پۆستێك ده‌كه‌ن، بۆ به‌یانی كه‌ له‌گه‌ڵ گۆڕان داده‌نیشن، ره‌نگه‌ ئه‌وانیش داوای هه‌مان پۆست بكه‌ن، بۆیه‌ ده‌بێ كۆبوونه‌وه‌كان به‌رده‌وام بن تا ده‌گه‌ن به‌ رێككه‌وتنێكی جێگیر.

ئه‌ندامه‌كه‌ی سه‌ركردایه‌تی پارتی رای ده‌گه‌یه‌نێت كه‌ كۆبوونه‌وه‌كانی ئه‌م هه‌فته‌یه‌ كۆبوونه‌وه‌ی رژد و ورده‌كاری ده‌بن و ئه‌نجامی باش به‌ ده‌ست دێنن، له‌باره‌ی ده‌سه‌ڵاتی لیژنه‌كانه‌وه‌، بڵند ئیسماعیل روونی كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌و لیژنانه‌ لیژنه‌ی دانوستانكارن؍ ره‌نگه‌ بۆ هه‌ندێ پرسی گرنگ بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ مه‌كته‌بی سیاسی و سه‌رۆك بارزانی؍ به‌ڵام لیژنه‌ باڵاكه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی كه‌ له‌ دكتۆر رۆژ و هۆشیاری زێباری و چه‌ند به‌رپرسێكی باڵای ئێمه‌ و سه‌عدی پیره‌ و ئه‌رسه‌لان بایز و چه‌ند به‌رپرسێكی تری یه‌كێتی پێكهاتوون، بۆ ئه‌نجامدانی رێككه‌وتنی سیاسییه‌ له‌ نێوان هه‌ردوولادا، ده‌سه‌ڵاتی بڕیاردانیان هه‌یه‌.

رۆژی دووشه‌می رابردوو مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتی و پارتی كۆبوونه‌وه‌ و بڕیاره‌ له‌ رۆژانی داهاتوو دیسان كۆببنه‌وه‌، سێشه‌میش پارتی و گۆڕان كۆبوونه‌وه‌ و هه‌موو لایه‌نه‌كانی كۆبوونه‌وه‌كان “گه‌شبینن.

هاوكات شوان كه‌ریم زراری ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان له‌ فراكسۆنی پارتی رایگه‌یاند، به‌و پێیه‌ی لیژنه‌كان تازه‌ دامه‌زراون، پێم وایه‌ هێشتا زووه‌ بڵێین كاره‌كانیان به‌ كوێ گه‌یشتووه‌؍ به‌ڵام كاری باش ده‌كه‌ن و خاڵی هاوبه‌ش له‌ نێوان لایه‌نه‌كان هه‌یه‌.

ئاماژه‌ی دا، ئه‌گه‌ر لیژنه‌كانی پارتی له‌گه‌ڵ گۆڕان و یه‌كێتی گه‌یشتنه‌ رێككه‌وتن، ئه‌وكات ره‌نگه‌ پێویست بكات لیژنه‌یه‌ك له‌ نێوان هه‌رسێ لایه‌ن پێكبێت و ورده‌كاری دابه‌شكردنی پۆسته‌كان تاوتوێ بكه‌ن و بڕیاری كۆتا بده‌ن.

 

Back to top button