هەردوو فراكسیۆنی پارتی و گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان كۆبوونەوە
دوای ئەوەی شاندی دانوستاندكاری پارتی بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم, چەند جارێك سەردانی بزووتنەوەی گۆڕانیانكرد, سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند ئەمڕۆ چوارشەممە لەگەڵ فراكسیۆنی بزوتنەوەی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان كۆبوونەوە.
هێمن هەورامی سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان لە هەژماری خۆیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی (فەیسبوك) نووسیویەتی “دیدارێكی دۆستانەمان لەگەڵ ئەندامی خانەی راپەراندن و سەرۆك و ژمارەیەك لە ئەندامانی فراكسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕان ئەنجام دا”.
سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی ئاماژەی بەوە داوە كە ئەمڕۆ فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان، لەگەڵ ژمارەیەك لە پەرلەمانتارانی فراكسیۆنەكە، پێشوازی و دیدارێكی دۆستانەیان هەبووە لەگەڵ ئەندامی خانەی راپەراندنی بزوتنەوەی گۆڕان و سەرۆك و ئەندامانی فراكسیۆنەكەیان لە پەرلەمانی كوردستان.
هێمن هەورامی سوپاسی سەردانەكەی گۆڕانی كردووە و جەختی لەوە كردەوە كە فراكسیۆنی پارتی وەك گەورەترین فراكسیۆنی ناو پەرلەمان، خوازیاری پەیوەندییەكی دۆستانەی پەرلەمانییە لەگەڵ تێكڕای فراكسیۆنەكانی دیكە بە ئامانجی چاكسازی هەمەلایەنە و بەهێزتركردنی رۆڵی پەرلەمانی كوردستان.