بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر: پێنج هەزار كامێرای چاودێری بۆ توندتركردنی ئەمنيەتی هەولێر دادەنێت
لەگەڵ پێشكەوتنی تەكنەلۆژیا لە ئێستادا كامێرای چاودێری هاوكاری باشی هێزە ئەمنیەكان دەكات بۆ دۆزینەوەی شوێنی تاوان و تاوانباران لە و بارەیەوە بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر ئاماژە بەوە دەكات كە وەك سیستەمی پایتەختی وڵاتان لە سەرجەم شوێنە گشتییەكان كامێرای چاودێری دادەنرێت و ئامانج لە دانانی ئەو كامێرایانە كۆنترۆڵكردنی ئەمنییەت و چاودێریی ڕووداوەكانە و لەو ڕێگایەوە كارئاسانی بۆ دەزگا ئەمنییەكان دەكات.
لیوا عەبدولخالق تەلعەت، بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی هەولێر بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستان راگەیاندووە: “بە هۆی قەیرانی داراییەوە پرۆژەی دانانی كامێرای چاودێری لە هەولێر وەستاوە، لە ئەگەری باشبوونی دۆخی دارایی، هەنگاوی سەرەكیی دانانی پرۆژەی 5 هەزار كامێرای چاودێری دەخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە، كە شەقامە گشتییەكانی شار و دەرەوەی شار دەگرێتەوە، ئەم پرۆژەیە هاوشێوەی هەمان ئەو پرۆژانە دەبێت لە شاری ئەستەمبوڵ و عەممان جێبەجێ كراون و سەركەوتوو بوونە”.
بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر گوتیشی: “گوژمەی پرۆژەكە نزیكەی 60 ملیۆن دۆلاری تێ دەچێت، دەكرێت بە قۆناغبەندی كاری لەسەر بكرێت، بەڵام بەدڵنیاییەوە كاری لەپێشینەمان جێبەجێكردنی ئەو بەرنامەیە دەبێت”.
ئاماژەی بەوەش دا، بە حوكمی فراوانبوونی شاری هەولێر و هاتنی كۆمپانیا و خەڵكی دەرەوەی شارەوە، دەبێ لەوبارەیەوە ئامادەكاریی ئەمنی بكرێت و تیمەكانی ئەمنی چاودێریی وردی دۆخەكە دەكەن و ئەو بەرنامەیەش كارئاسانیی باش بۆ پۆلیسی هەولێر دەكات.