حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ راوێژكاره‌كه‌ی خامنه‌یی: لێتان قبوڵ ناكه‌ین

خواكوڕك

دوای ئه‌وه‌ی یه‌حیا ره‌حیم سه‌فه‌وی راوێژكاری سەربازیی رێبەری كۆماری ئیسلامیی ئێران عه‌لی خامنه‌یی، له‌ كۆنگره‌یه‌كی تایبه‌ت به‌ پرۆژه‌ی شیعی به‌ناوی (قەیرانی جیۆپۆلیتیكی جیهانی ئیسلام) ره‌خنه‌ی له‌سیاسه‌تی هه‌رێمی كوردستان گرتبوو، ئه‌مرۆ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌تووندی وه‌ڵامی ده‌داته‌وه‌.

له‌ راگه‌یانراوێكدا حكومه‌تی هه‌رێم سه‌باره‌ت به‌ تۆمه‌ته‌كانی ئه‌و راوێژكاره‌ ده‌ڵێت، “ئەو جۆرە قسانە جگە لەوەی دەستوەردانێكی رێگەپێنەدراوی یەحیا رەحیم سەفەوین لە كاروباری هەرێمی كوردستاندا و، لەهەمانكاتدا دەبنە هۆی شێواندنی پەیوەندیی دۆستانە و مێژوویی نێوان هەرێمی كوردستان و لایەنە كوردستانییەكان و كۆماری ئیسلامیی ئێران”.

 

دەقی راگەیێندراوەكەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان:

یەحیا رەحیم سەفەوی، راوێژكاری بەڕێز سەید عەلی خامنەیی رێبەری كۆماری ئیسلامیی ئێران، لە گوتەیەكی ناڕێكوپێكدا، هەندێ بۆچوونی نابەجێ لە دژی هەرێمی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان دەخاتە ڕوو. ئەو جۆرە قسانە جگە لەوەی دەستوەردانێكی رێگەپێنەدراوی یەحیا رەحیم سەفەوین لە كاروباری هەرێمی كوردستاندا و، لەهەمانكاتدا دەبنە هۆی شێواندنی پەیوەندیی دۆستانە و مێژوویی نێوان هەرێمی كوردستان و لایەنە كوردستانییەكان و كۆماری ئیسلامیی ئێران. لەبەرئەوەش لێرەدا زۆر بەڕوونی رایدەگەیێنین كە سەرتاپای قسەكانی یەحیا رەحیم سەفەوی نادروست و بێ بنەمان، هەر بۆیە ناشتوانێ هیچ بەڵگەیەك بۆ ڕاستیی وتەكانی بخاتەڕو. تەحەددا دەكەین كە ناوبراو یەك بەڵگەی هەبێت كە هەرێمی كوردستان لە هەر ڕێگەیەكەوە هەڕەشەی بۆ سەر كۆماری ئیسلامی دروست كردبێت.  ئەوەیش دووپات دەكەینەوە كە ئێمە بەهیچ شێوەیەك ئەو جۆرە مامەڵەكردنە لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا لە هیچ لایەك قبوڵ ناكەین و جێگەی داخە بەرپرسێكی وڵاتێكی دراوسێ بەم لەهجە ناشیاوە بوختان و قسەی ناڕاست ئاراستەی هەرێمی كوردستان دەكات. هیواداریشین ئەو قسانەی یەحیا ڕەحیم سەفەوی سیاسەتی ڕەسمیی كۆماری ئیسلامیی ئێران نەبێت.

بنەمایەكی سەرەكیی كاركردنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، هەبوونی پەیوەندی و بەهێزكردنیان بووە لەگەڵ دراوسێیەكاندا، لەوانەیش كۆماری ئیسلامیی ئێران. حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پابەندە بەوەی هۆكارێكی سەقامگیری و دروستكردنی ئارامی بێت لە ناوچەكەدا، دوور لە دەستوەردان لەكاروباری ناوخۆیی وڵاتاندا، ئەوەش بنەمایەكی سەرەكیی سیاسەتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بووە و بەردەوامیش ئەو بنەمایە لەپەیوەندییەكانیدا دەپارێزێت.

پەیوەندییەكانی نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامیی ئێران، لەسەر بنەمای پەیوەندی لەمێژینە و هاوكاری نێوان هەردوولا دامەزراون. هەردەم سوپاسی گەل و حكوومەتی ئێران دەكەین كە لە ڕۆژە سەختەكاندا دەرگەیان بەڕووی گەلەكەمان كردووەتەوە و ئەوە هەرگیز لەبیر ناكەین. لەشەڕی دژی تیرۆریستانی داعشیش سوپاسی هەموو ئەو دەوڵەت و دۆستانە دەكەین كە یارمەتیی پێشمەرگە و گەلی كوردستانیان داوە و لەوانەیش كۆماری ئیسلامیی ئێران. جەختیش لەوە دەكەینەوە كە پێشمەرگە بە خوێن و قوربانیدانی خۆی هەولێر و كوردستانی پاراست و ئێمە قەرزاری گیانفیدایی پێشمەرگە و خۆڕاگریی گەلی خۆمانین.

بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ گرفتەكانیشدا لیژنەیەكی باڵای هاوبەشی ئەمنی لەنێوان هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامیی ئێراندا هەیە، چەندین جار هەردوولا جەختیان لەسەر ئەوە كردووەتەوە كە هەر پرسێكی پەیوەست بە كاروباری ئەمنییەوە پێویستە لەو لیژنەیەدا باسبكرێت و لێكۆلینەوەی لەسەر بكرێت و چارەسەر بكرێت، لەبەرئەوەش زۆر سەیرە بەلامانەوە لەكاتێكدا كە هیچ شتێك لەو لیژنە هاوبەشدا باسنەكراوە، كەچی یەحیا رەحیم سەفەوی شتێكی بەوشێوەیە بەهەڕەشە و گوڕەشەوە لەبەردەم دەزگا راگەیاندنەكاندا باسدەكات. ئەوە جاری یەكەم نییە كە كەسانی وەك یەحیا رەحیم سەفەوی قسە و هەڕەشەی بەو جۆرە دەكەن، لەبەرئەوەش داوا دەكەین كە سنوورێك بۆ ئەو شێوازە قسە و هەڕەشانە دابنرێت، چونكە هەرێمی كوردستان بەهیچ شێوەیەك ئەو جۆرە مامەڵەیە قبوڵ ناكات. هەروەها بۆ بەرپرسانی كۆماری ئیسلامیی ئێران دووپاتیدەكەینەوە، هەر پرسێكی ئەمنی هەبێت وەك ئەوەی هەردوولامان لەسەری رێككەوتووین دەبێ لەو لیژنەیەدا باسبكرێت و، بەپێی پەیوەندی و شێوازی كاركردنی دۆستانە و لەمێژینەشمان بەهیچ شێوەیەك گونجاو نییە لە رێگەی راگەیاندنەوە قسە لەگەڵ یەكتر بكەین .

حكوومەتی هەرێمی كوردستان

8ـی 11ـی 2016

Back to top button