بەکارهێنانی مۆبایل ئاستی تێگەیشتنی منداڵ کەمدەکاتەوە

چەندین توێژینەوە لەبارەی لێکەوتە نەرێنیەکانی بەکارهێنانی مۆبایلە هۆشمەندەکان لەسەر ئاوەز و تێگەیشتن کراوە، لە نوێترین توێژینەوەشدا ئاماژە بە مەترسیی بەکارهێنانیان دەکرێت لەلایەن منداڵانەوە.

پێگەی “ئیندیپێندنت”ی بەریتانیا بڵاویکردووەتەوە، بەکارهێنانی مۆبایلە هۆشمەندەکان ئاستی تێگەیشتنی منداڵ کەمدەکەنەوە، بەتایبەت ئەو منداڵانەی تەمەنیان لە دوو ساڵ تێپەڕناکات.

توێژینەوەکە ئاشکرای کردووە، بەکارهێنانی مۆبایل بۆ ماوەی تەنیا یەك سەعات، منداڵ و هەرزەکاران دووچاری دڵەڕاوکێ و خەمۆکی دەکاتەوە، هەروەها توانای جڵەوگرتنی دەروون و ئارامیی هەستییان لاوازدەبێت.

توێژەران ئاماژەیان بەوە کردووە، ئەو هەرزەکارانەی تەمەنیان لە نێوان 14 بۆ 17 ساڵاندایە و رۆژانە بۆ ماوەی سەعاتێك یان زیاتر مۆبایلە هۆشمەندەکان بەکاردەهێنن زیاتر دووچاری ئەم لێکەوتە نەرێنیانە دەبنەوە.

هەروەها لە ئێستاشدا ئەو منداڵانەی لە دایەنگا بە مەبەستی سەرقاڵکردنیان مۆبایلیان دەدرێتێ، لە ئایندەدا توانای پاراستنی ئارامی و دەرونییان کەمدەبێتەوە.

ئەو منداڵانەشی تەمەنیان لە نێوان 11 بۆ 13 ساڵاندایە و رۆژانە بۆ ماوەی سەعاتێك زیاتر بەدیار شاشەی مۆبایل، کۆمپیوتەر، تەلەفزیۆن بەسەردەبەن، ئەوا هەلی فێربوونی شتی نوێیان نییە، یان بە واتایەکی تر، منداڵ بەهۆی مۆبایلەوە سەردەمی فێربوون و تێگەیشتن لەدەستدەدات و بەو هۆیەشەوە کاریگەریی نەرێنی لەسەر ئاستی تێگەیشتنی منداڵ دادەنێت و بەم هۆیەشەوە لە پاشەڕۆژدا دووچاری کێشە و گرفت دەبنەوە.

 

Back to top button