بهڕێوبهری گشتی گومركی ههرێم: دەروازەکانی هەرێم لهڕووی كارگێرییهوه دهخرێنه سهر بهغدا
ساماڵ عەبدولڕەحمان عهزیز بەڕێوەبەری گشتی گومرکی هەرێم رایگەیاند، دەروازەکانی هەرێمی کوردستان تەنها لە رووی کارگێڕییەوە دەخرێنە سەر بەغدا بە هەمان ئەو ستاف و بەرپرسانەی لە هەرێمی کوردستاندا هەن، هەر گۆڕانکارییەک لەو بابەتەدا بکرێت دەبێت بە رەزامەندی هەردوولا بێت.
ساماڵ عەبدولڕەحمان عهزیز بەڕێوەبەری گشتی گومرکی هەرێم ، لە دیمانەیەکی لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵ ڕایگهیاند: “دوای ئەو کۆبوونەوانەی لە مانگی یازدەی ساڵی رابردوو لە نێوان نوێنەرانی هەرێم و حکوومەتی عێراق ئەنجام درا، ئێمە کۆنووسێکمان واژووکرد کە بریتیی بوو لە ٢٧ خاڵ کە سەرجەم کێشەکانمان ئاماژە پێدابوو، دواتر شاندێک لە هەرێمەوە چووە بەغدا و بە ئامادەبوونی هەموو وەزارەتە پەیوەندیدارەکان کۆبوونەوە”.
بەڕێوەبەری گشتی گومرکی هەرێم، ساماڵ عەبدولڕەحمان عهزیز دهشلێت: “لە خاڵە سەرەکییەکان بەبێ هیچ پێشمەرجێک بڕیاردرابوو خاڵە گومرکییەکان لاببرێت چونکە نایاسایین و دەستووری نییە، بڕیاردرابوو زمانی کوردی و عەرەبی لە هەموو بەڵگەنامەک گومرکییەکان بنووسرێت، چاوخشاندنەوە بکرێت بە یاسای گومرک و هەموو ئەو یاسایانەی لە نێوان هەرێم و بەغدا دەرکراون و نوێنەرانی هەرێم و بەغدا بەیەکەوە لە دەرکردنیان بەشدارنەبوون جارێکی دیکە چاوخشاندنەوەی بۆ بکرێت و کار بەیاسای وەبەرهێنانی هەرێم و بەغدا بکرێت، شێوازی کارکردن لە داهاتوودا چۆن کار بکەین”.
بەڕێوەبەری گشتی گومرکی هەرێم راشیدەگەیەنێت کە ئەو ئەم خاڵە گومرکییانە بە بڕیارێکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دانراوە و دەڵێت “پێشووتر روونمان کردووەتەوە کە ناکرێت لە نێوان دوو شاری یەک وڵات خاڵی گومرک هەبێت و دەبێت بە زووترین کات ئەو هەڵە نایاساییەی کراوە، راست بکرێتەوە، هەروەها بڕیاری ژمارە ١٣ی ساڵی ٢٠١٩ی ئەنجوومەنی وەزیرانی پێ دەرچووە و بڕیاردراوە خاڵە گومرکییەکان لاببرێت و دەبوو لەماوەی یەک مانگدا راستەوخۆ جێبەجێکرابووایە و بەو پێیەش دوا مۆڵەت کۆتایی ئەم مانگەیە”.
ساماڵ عەبدولڕەحمان بەڕێوەبەری گشتی گومرکی هەرێم گوتیشی: “هەر بەپێی فەرمانی ئەنجوومەنی وەزیران کە دەرچووە، دەروازەکانی هەرێم پابەندکراون لە رووی کارگێڕییەوە سەربە دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق بن، بەڵام لە بڕیارەکەدا رێگادراوە کە جارێکی دیکەش پێداچوونەوە بکرێت، چونکە کاتی خۆیشی ئێمە تێبیینمان هەبوو لەسەر ئەو بڕیارە، خۆیشیان باوەڕیان وایە کە پێویستی بە پێداچوونەوە هەیە”.
هەرێمی کوردستان چوار دەروازەی نێودەوڵەتی و چوار دەروازەی فەرمیی هەیە، دەروازە نێودەوڵەتییەکان بۆ هاتوچۆی گەشتیاران و بازرگانی بەکاردێن، هەروەها دەروازە فەرمییەکانیش تەنها بۆ کاری بازرگانی بەکاردێن و ئەم بڕیارە تەنها دەروازە نێودەوڵەتییەکان دەگرێتەوە دەروازە فەرمییەکان هەر سەربە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەبن.