كۆمه‌ڵی ئیسلامی : ئێمه‌ش بە گڕوتینێکی بەھێزەوە بەشداری حكومه‌ت ده‌كه‌ین
تا ئێستا چه‌ند گەڕێكی دانوستاندن له‌باره‌ی پێكهینانی كابینه‌ی نویه‌می حكومه‌تی هه‌رێم لە نێوان شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان وەک براوەی یەکەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان له‌گه‌ڵ هەریەک لە یەکێتی و گۆڕان بەڕێوە چووە،به‌ڵام پارتی دیموكراتی كوردستان سه‌ردانی كۆمه‌ڵی ئیسلامی نه‌كردووه .
دیاری محەمەد، بەرپرسی مەڵبەندی سلێمانی کۆمەڵی ئیسلامی ڕاگەیاند:”ھەرچەندە شاندی دانوستکاری پارتی لەگەڵ گۆڕان و یەکێتی کۆبووەتەوە، بەڵام ”تاکوو ئێستا شاندەکەی پارتی سەردانی کۆمەڵی ئیسلامی نەکردووە، بۆیە تاکوو کۆبوونەوە لەگەڵ شاندەکەی پارتی ئەنجام نەدەین، ئێمە ناتوانین ھیچ بڕیارێک لەوبارەیەوە بدەین”.
بەرپرسی مەڵبەندی سلێمانی کۆمەڵی ئیسلامی گوتیشی:” بۆ بڕیاردان لەسەر بەشداریکردنیان لە حکوومەت، کۆبوونەوەی خۆمان ئه‌نجام ده‌ده‌ین، چونکە ”بەپێی پەیڕەو و پرۆگرامی کۆمەڵ، بڕیاری بەشداریکردن لە حکوومەت یان بوون بە ئۆپۆزسیۆن، لە دوای ڕاپرسیی کادیرانمان و وەرگرتنی بۆچوونیان دەبێ“.
دیاری محەمەد، بەرپرسی مەڵبەندی سلێمانی کۆمەڵی ئیسلامی ده‌شلێت: ”ئێمە ھیچ کێشەیەکمان لەگەڵ پارتی نییە و ئامادەین پێشوازی لە شاندەکەی پارتی بکەین، ھەروەھا ئەگەر بڕیارماندا بەشداریی کابینەی داھاتوی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بکەین، بە گڕوتینێکی بەھێزەوە بەشدار دەبین”.
پێشتر سەربەست لەزگین، ئەندامی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاندبوو” پارتی هێڵی سوری له‌سه‌ر هیچ لایه‌نێك نییه و شاندی پارتی بۆ پێكهێنانی حكومەت سەردانی كۆمەڵی ئیسلامی دەكات”. بەڵام كاتی سەردانەكەی پارتی بۆ لای كۆمه‌ڵ دیارینەكراوە.
هاوكات هه‌ریه‌ك له عەبدولستار مەجید، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی و سه‌لیم كۆیى به‌رپرسى پێوه‌ندییه‌كانى كۆمه‌ڵى ئیسلامى له‌باره‌ی به‌شداریكردن له كابینه‌ی نوێ ڕایانگه‌یاندبوو ” كۆمه‌ڵی ئیسلامی بۆ ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانی و گفتوگۆى پێكهێنانى حكوومه‌تى نوێى كوردستان چاوه‌ڕوانى شاندى پارتى دیمو‌كراتى كوردستان ده‌كه‌ین”.