ئیسرائیل دەبێت ئێران لە نێو خاكی عێراق چاوەڕوانی گورزی ئێمە بێت

 

دوای ئەوەی ئیسرائیل هێزەكانی ئێرانی لە نێو خاكی سوریا بۆردوومانكرد, بەردەوامە لە هەڕەشەكردن لە ئێران لە نێو خاكی سوریا و عێراق لە دواهەمین هەواڵی رۆژنامەوانی رۆژنامەی “جیرۆزایم پۆست”ـی ئیسرائیلی راپۆرتێكی بەناوی “ئێستا ئاسمانی عێراق لەبەردەم ئیسرائیل كراوەیە بۆ لێدانی ئێران” بڵاوكردەوە و تێیدا جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە، كە ئیسرائیل دەتوانێت میلیشیاكانی سەر بە ئێران لەناو خاكی عێراق بكاتە ئامانجی هێرشەكانی.
بەگوێرەی ئەو راپۆرتە، وادیارە ئیسرائیل هەوڵ بۆ فراوانكردنی پشتێنەی كردە سەربازییەكانی لە دژی ئێران بەرەو رۆژهەڵات دەدات، بەتایبەت لەناو خاكی عێراق، ئەمەش دوای ئەوەی تەل ئەڤیڤ توانی پێگە سەربازییەكانی ئێران لەناو خاكی سووریا بكاتە ئامانجی هێرشەكانی.
وەك ئەو رۆژنامەیە نووسیویەتی، پێشبینی دەكرێت بەم نزیكانە ئیسرائیل هێرشەكانی لە دژی ئێران چڕ بكاتەوە و تەنیا لە سنووری سووریا نەهێڵێتەوە‌ و كردە سەربازییەكانی بۆ ناو خاكی عێراقیش درێژ بكاتەوە.
راپۆرتەكە جەخت دەكاتەوە، بەهۆی نەبوونی دژە مووشەك و دژە چەكی ئاسمانی، عێراق توانای رووبەڕووبوونەوەی هێرشی ئاسمانی نییە، لە لایەكی دیكەشەوە بوونی بۆشایی سیاسی لەو وڵاتە بەشێوەیەك قووڵ بووەتەوە، كە حكوومەتی عێراق ناتوانێت سەروەری خۆی بەسەر تەواوی خاكی وڵاتەكەیدا بسەپێنێت.

ئەو رۆژنامە ئیسرائیلییە ئاشكراشیكرد، تائێستا سیستەمی دژە مووشەكی “ئێس 300″ـی رووسی كە تایبەتكراوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی مووشەك و هێرشە ئاسمانییەكانی ئیسرائیل، بەتەواوەتی تاقی نەكراوەتەوە و هێشتا سوپای سووریاش ئەو سیستەمەیان لە دژی ئەو هێرشانەی ئیسرائیل بەكار نەهێناوه، كە پێگەكانی ئێران و سووریا لە باشووری سووریا دەكەنە ئامانج.

لەو راپۆرتەی رۆژنامە ئیسرائیلییەكەدا نووسراوە، هێرشەكانی ئەم دواییەی ئیسرائیل بۆ سەر پێگەكانی ئێران لەناو خاكی سووریا دیارخەری ئەو راستییەن، كە ئەو سیستەمە دژە مووشەكیانەی رووسیا بۆ سووریا دابینی كردوون‌، بەشی ئەوە ناكەن كە رووبەڕووی هێرشەكانی ئیسرائیل بۆ سەر پێگە ئێرانییەكان ببنەوە.

‌ئەمەش لەكاتێكدایە، بەگوێرەی زۆرێك لە میدیاكان، تائێستا سووریا هیچ سیستەمێكی دژە مووشەكی و چەكی ئاسمانی بەكارنەهێناوە، تەنیا‌ سیستەمی “ئێس 200” نەبێت، كە لە سێپتەمبەری ساڵی 2018 بەهۆی هەڵە بەكارهێنانییەوە فڕۆكەیەكی رووسی پێكاند، ئەمەش بووە پاڵنەرێك كە رووسیا مووشەكی “ئێس 300” و سیستەمی راداری پێشكەوتووتر لەوانەی پێشخۆی بداتە حكوومەتی دیمەشق.

وەك میدیاكان لەم رۆژانەی دواییدا ئاشكرایانكردووه، وێڕای ئەوەی دیمەشق و مۆسكۆ بە بەردەوام بانگەشە بۆ ئەوە دەكەن كە سیستەمە دژە مووشەكییەكانیان زۆربەی ئەو مووشەكانەیان لەناوبردووە، كە لە ئیسرائیلەوە ئاراستەی ناو خاكی سووریا كراون، بەڵام تائێستا لەوە پشتڕاست نەبوونەتەوە، ئەگەر بێت و گرژییەكان ئاڵۆزی زیاتریان تێ بكەوێت و ئیسرائیل هێرشەكانی لەناو خاكی سووریا چڕتر بكاتەوە، ئاخۆ سیستەمی دژە مووشەكی “ئێس 300″‌ دەتوانێت رووبەڕووی هەموو مووشەكە ئاراستەكراوەكان ببێتەوە یاخود نا.

ئەم راپۆرتەی رۆژنامەی “جیرۆزایم پۆست”ـی ئیسرائیلی دوای ئەوە هاتووە، هەفتەی رابردوو مایك پۆمپێیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا هۆشداری دایە عادل عەبدولمەهدی، سەرۆك وەزیرانی عێراق و پێیڕاگەیاند، ئەگەری ئەوە هەیە، ئیسرائیل میلیشیاكانی سەر بە ئێران لەناو خاكی عێراق بكاتە ئامانج.

هەروەها پۆمپێیۆ بە راشكاوانە بە عەبدولمەهدی راگەیاندبوو، “ئەگەر مووشەكەكانی ئیسرائیل بۆ لێدانی پێگەكانی ئێران لەناو خاكی عێراق بەسەر ئاسمانی عێراقدا ببارن، حكوومەتی ئەمەریكا هیچ هەڵوێستێكی نابێت”.

Back to top button