ئەمریكا سزای نوێی خستە سەر چوار ناوەندی سەربازی و بازرگانی ئێران

دوای ئەوەی ئەمریكا سزاكانی بۆ سەر ئێران گەڕاندەوە لە قۆناغی یەكەم بە 12 خاڵ سزاكانی بەسەر ئەو وڵاتەدا سەپاند ئەمڕۆ جارێكی دیكە ئەمریكا سزای خستەسەر چوار ناوەندی سەربازی و ئاسمانی ئێران و وەزیری دەرەوەی ئەمریكاش دەڵێت، قورسترین گوشار بۆ سەر ئێران بەردەوامە.

مایك پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لە توویتێكدا رایگەیاند: “لەبەرامبەر بەكارهێنانی پەنابەران بەشێوازێكی نایاسایی و بەكارهێنانیان وەكو قەڵغانێكی مرۆیی لە سووریا، ئەمڕۆ وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا سزای بەسەر رژێمی ئێراندا سەپاند. ئەمە چەند رۆژێك دوای ئەوەی ئەڵمانیا گەشتەكانی هێڵی ئاسمانی ماهانی قەدەخەكرد و دوای كردەوەی قێزەونی بەكارهێنانی منداڵان وەكو سەرباز، قورسترین گوشار بۆ سەر ئێران بەردەوامە”.

وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا رایگەیاند: “لقی فاتمییونی سوپای قودس، لیوای زەینەبییون و هەروەها هێڵی ئاسمانی فارس قشم و فڕینەكانی L.L.C كە نووسینگەی سەرەكی لە ئەرمینیایە، خراونەتە لیستی سزاكانی ئەمریكا”.

ستیڤ منوچن، وەزیری گەنجینەی ئەمریكا رایگەیاند: “رژێمی بێبەزەیی ئێران، پەنابەران لەو وڵاتە بەكاردەهێنێت بۆ ئامرازەكانی خۆی، بێبەشی كردوون لە هەموو پێداویستییە سەرەتاییەكانی ژیان وەك پەروەردە و وەك قەڵغانێكی مرۆیی لە پێكدادانەكانی سووریا بەكاریان دەهێنێت”.

سوپای پاسادارنی ئێران لیوایەكی بەنێوی زەینەبییون دروستكردووە و راهێنان بە چەكدارەكانی دەكات. ئەو گرووپە چەكدارە لایەنگری حكومەتی سووریان و ئەندامەكانی لە شیعەكانی پاكستانن. هەروەها لیوایەكی بەنێوی فاتمیون لە شیعەكانی ئەفغانستان دروستكردووە كە سەر بە سوپای قودسی سوپای پاسدارانی ئێرانن.

وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا لە راگەیێندراوەكەیدا جەختدەكاتەوە لەوەی كە بەئامانجكردنی داراییەكانی ئەو گرووپە چەكدارەكانییانەی كە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەكرێن، بەشێكە لە گوشارە ئێمە بۆ پچڕاندنی ئەو تۆڕە ناشەرعییانەی كە رژێمی ئێران بۆ هەناردەكردنی تیرۆریزم و دروستكردنی نائارامی و ناسەقامگیری لە ناوچەكە كەڵكیان لێوەردەگرێت”.

Back to top button