ئەمریكا: حەشدی شەعبی دەبێت لە كەركووك بچێتە دەرەوە پێشمەرگە دەگەڕێتەوە كەركووك

 

دوای ئەوەی بە هۆی خیانەتی 16ـی ئۆكتۆبەری یەكێتی ساڵی رابردوو كەركووك لە لایەن حەشدی شەعبی و سوپای پاسداران داگیركرا, لەو كاتەوە كەركووك لە سایەیی حەشد بە حوكمی سەربازی بەڕێوە دەچێت, بە هەزاران كورد لە سەر ماڵ و حاڵیان شار بە دەر كراون, راوێژكارێكی باڵیۆزخانەی ئەمریكا لەگەڵ پێكهاتەكانی كەركووك لە بەغدا كۆبووەتەوە و گوتوویەتی نابێ حەشی شەعبی لە كەركووك بمێنێت و دەبێت پێشمەرگە بگەڕێتەوە, چونكە لە نەمانی پێشمەرگە ناوچەكە بەرەوڕووی “هێرشی تیرۆریستی” بووەتەوە.
شاخەوان عەبدوڵڵا نوێنەری پارتی لە كۆبوونەوەكە رایگەیاند: “ئەمریكییەكان گوتوویانە نابێ حەشدی شەعبی لە كەركووك بمێنێ، دەبێ پێشمەرگە و سوپای عێراق بگەڕێنەوە و ئەمنیەتی ناوچەكە بپارێزن”.

لەبەرامبەردا بەگوتەی شاخەوان عەبدوڵڵا، جەبهەی توركمانی گوتویەتی ئەگەر پێشمەرگە بگەڕینەوە حەشدی شەعبیش دەمێنێ، بەڵام نوێنەرە ئەمریكییەكە بەوە تووڕە بووە و پێی گوتوون “چیدیكە چەكداری حەشدی شەعبی لەگەڵ پێشمەرگە تێكەڵ مەكەن كە هیزێكی نیزامی رێكوپێكە”.

شاخەوان عەبدوڵڵا هەروەها گوتی: “ئەمریكییەكان بە بەشدارانی كۆبوونەوەكەیان گوتووە لە غیابی پێشمەرگە سنووری كەركووك و ناوچەكە بەرەوڕووی هێرشی تیرۆریستی بوونەتەوە”.
شایەنی باسە هەموو پێكهاتەكانی كەركوك بە سەرپەرشتی ئەمریكا لە بەغدا كۆبوونەوە، نوێنەری پارتی، یەكێتی، بەرەی توركمانی و مەسیحیەكان لە كۆبوونەوەكەدا بەشدار بوون، ئەگەرچی نوێنەری پێكهاتەی عەرەب لەوێ نەبوون بەڵام بەگوتەی بەرپرسێكی ئەمریكی، پێشتر لەگەڵ نوێنەری عەرەب لە كەركووك قسەیان كردووە.

Back to top button