عەزیز وەیسی ڕەخنە لە پەکەکە دەگرێت ئەگەر شەڕ دەکەن لە گۆڕەپانی خۆتان بیکەن..

فەرماندەی هێزەکانی پێشمەرگەی زێرەڤانی ڕەخنەی توند لە پەکەکە دەگرێت و دەڵێت هەتا کەی دەبنە کلیل لە دەستی داگیرکەران؟

لیوا عەزیز وەیسی، فەرماندەی فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانی لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) نووسینێکی سەبارەت بە بۆردومانەکانی دوێنێی تورکیا بڵاوکردووەتەوە کە لە ئەنجامدا چوار کەسی سڤیل شەهید بوون، تیایدا وێڕای ئیدانەکردنی کردەوەکە ڕەخنەی توندیش لە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دەگرێت و پێیان دەڵێ پێویستە شەڕ و سیاسەت لە گۆڕەپانی خۆتان بکەن.

عەزیز وەیسی دەڵێ خەبات و تێکۆشانی شۆڕشگێڕان بۆ پاراستنی خەڵکی خۆتە نەک بۆ پاراستنی خۆت و لەترسی گیانی خۆت، خەڵک بکەیە قوربانی، وەیسی باس لە ڕووداوی بۆردومانەکەی دوێنێ شەوی سنووری ئامێدی دەکات و دەڵێ، لە کاتێکدا کە ئەو کارەی لەشکری تورکیا شەرمەزار و ڕیسوا دەکەین، بە هەردوولا (تورکیا و پەکەکە) دەڵێین “با بەس بێت”.

هەروەها لەکۆتایی قسەکانیدا نووسیویەتی: بیری پەکەکە دەهێنینەوە کە ئێوە بە فەرمانی تورکیا دەربازی هەرێمی کوردستان بوون بە ئامانجی ئەوەی کە چەکی خۆتان دانێن و ژیانێکی سڤیل دەستپێبکەن، ئەگەر ئێوە شەڕی چەکداری لەگەڵ تورکیا بکەن یان بە شێوازی سیاسی وەک HDP کاری خۆتان بکەن، ئەوە بڕیاری ئێوە بە ئێوەوە گرێدراوە، بەڵام دەبێت لە گۆڕەپانی خۆتان بیکەن نەک وەک ترسنۆکێک بێنە ناو ژن و منداڵی ئێمە لە ترسی گیانی خۆتان، ئەو فەرماندەیەی پێشمەرگە لە پارتی کرێکارانی کوردستان دەپرسێت: هەتا کەی دەبنە کلیلی دەرگا لەدەستی داگیرکەران؟ داگیرکەران کام پارچەی کوردستان بخوازن بە بیانووی ئێوە بێنە ناو خاکی کوردستان و ماف و خاک و خەڵکی کوردستان بکەونە ژێر هەڕەشە.

دوێنێ چوارشەممە (٢٣-١-٢٠١٩) بەبیانووی بوونی بنکە و بارەگاکانی پارتی کرێکانی کوردستان (پەکەکە) فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بۆردومانی چەند ناوچەیەکیان لە سنووری شارەدێی دێرەلووک-ی سەر بە شارۆچکەی ئامێدی لەسنووری پارێزگای دهۆک کرد و لە ئەنجامدا چوار هاووڵاتیی سڤیل کە خەڵکی گوندەکانی سنوورەکە بوون شەهید بوون.

 

Back to top button