مه‌سرور بارزانی ئابووری كوردستان به‌هێز ده‌كاته‌وه‌

نووسەرێك لە ڕۆژنامەی (ئەلزەمان)ی عێراقی بڵاوی کردەوە، مەسرور بارزانی کەسێکی گونجاوە تاوەکوو پۆستی سەرۆکی حکوومەتی داهاتووی هەرێمی کوردستانی پێ بدرێت و بەو هۆیەشەوە داوای کرد کە ئەو ”هەلە زێڕینە“ لەدەست نەدرێت.

لە وتارێکیدا کە بە ناونیشانی (دەستنیشانکردنی مەسرور.. چرکەساتێکی مێژوویی وەرچەرخانە) لە ڕۆژنامەی (ئەلزەمان) بڵاو کراوەتەوە، ڤیان فارووق، نووسەر ئاماژەی بەوە داوە، هێشتا شوێنەوارەکانی قەیرانی دارایی لە هەرێمی کوردستاندا بێ چارەسەر ماونەتەوە، کۆمەڵێک کەموکوڕیی ئابووری هەن و گەندەڵیی دارایی و ئیداریش لە هەرێمی کوردستاندا هەر کاریگەریی خۆی ماوە.

هەروەها ئاماژەی داوە: کاندیدکردنی مەسرور بارزانی بۆ سەرۆکایەتیکردنی حکوومەتی نوێ، چرکەساتێکی مێژوویی وەرچەرخانە، چونکە کەسێکی گونجاوە بۆ وشککردنی بیرەکانی گەندەڵیی دارایی و ئیداری کە ڕێگرێکی سەرەکین لەبەردەم دۆخی ئابووریی کوردستان“.

ئەو نووسەرە ئاشکرای کردووە، زۆرینەی خەڵکی کوردستان چاوەڕێی ئەو ساتە دەکەن و باوەڕیان بەوە هەیە کە مەسرور بارزانی گونجاوە تاوەکوو کار لەسەر گۆڕینی واقیعی دامەزراوە حکوومییەکان بکات. دەشڵێت: خەڵکی کوردستان مەسرور بارزانییان تاقی کردووەتەوە، لە ڕێگەی ئیدارەدانی دامەزراوە ئەمنییەکان کە ڕۆڵێکی گەورەی لە پاراستنی سەقامگیریی سیاسیی کوردستاندا هەبووە. هەر بەو هۆیەشە مەسرور بارزانی لای زۆرینەی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان مەقبوڵیەتی هەیە و سەرجەم پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکان لە هەرێمی کوردستان پشتیوانی دەکەن.

ڤیان فارووق داوای کردووە کە هەموو لایەک ”دەست بەو هەلە زێڕینەوە بگرن“، تاوەکوو بارودۆخی ئابووری و کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان باشتر ببێت و چارەسەری گونجاو و نموونەیی بۆ کێشەکان بدۆزرێتەوە کە لەگەڵ ویستی جەماوەر بگونجێت.

Back to top button