سبه‌ینێ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران كۆده‌بێته‌وه‌

سبەینێ یەكشەممە، ۲۷ی۱ی۲۰۱۹، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ، بۆگفتوگۆكردن لەبارەی پشكی هەرێمی كورستان لە بودجەی ۲۰۱۹ـی عێراقدا كۆده‌بێته‌وه‌ .

سەفین دزەیی، گوتەبێژی فەرمیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕاگەیاند: ”ڕۆژی یەکشەممە ٢٧ـی كانوونی دووه‌می ٢٠١٩، ئەنجومەنی وەزیران کۆبوونەوە بۆ تاوتوێکردنی یاسای بودجە دەکات”.

لای خۆیه‌وه‌ مەحموود حاجی ساڵح، وەزیری كاروباری شەهیدان ‌و ئەنفالكراوانی حكومه‌تی هەرێم گووتی :” كۆبونه‌وه‌ی سبه‌ینی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی بۆ ئه‌وه‌یه‌ وەزارەتی دارایی راپۆرتێكی ئامادەكردووە و گفتوگۆی لەبارەوە دەكەن.

تەواوی بودجەی عێراق بە ۱۳۳ ترلیۆن و ۱۰۷ ملیار دینار دانراوە و بەشی هەرێمی کوردستانیش ۱۰ ترلیۆن و ۸۰۰ ملیار دینارە. بۆ بەدەستهێنانی ئەو پارەیە، عێراق دایناوە رۆژانە سێ ملیۆن و ۸۸۰ هەزار بەرمیل نەوت بفرۆشێ، ۲۵۰ هەزار بەرمیلی هەرێمی کوردستان لە رێگەی سۆمۆوە هەناردە بکرێ

ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو ، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق یاسای بودجەی گشتیی ٢٠١٩ی پەسەند کرد کە دواتر پەرلەمانتارانی کوردستان ڕایانگەیاند، بەپێی ئەو یاسایە، مانگانە بڕە پارەیەکی زۆر بۆ هەرێمی کوردستان دەنێردرێت.

بەپێی یاسای بودجە ئەگەر ھەرێمی کوردستان رۆژانە ۲۵۰ ھەزار بەرمیل نەوت رادەستی کۆمپانیای سۆمۆ بکات، ئەوا بۆ ساڵی ۲۰۱۹ حکومەتی عێراق ۱۰ تریلیۆن و ۸۰۰ ملیار بە ھەرێمی کوردستان دەدات، بەپێچەوانەوە تەنیا مووچەی فەرمانبەران و پێشمەرگە دەنێرێ، کە بڕەکەی مانگانە ۵۲۲ ملیار دینارە.

Back to top button