مەسرور بارزانی پێشوازی لە وەزیری دەوڵەتی حكوومەتی بەریتانیا بۆ كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكوری ئەفریقیا و شاندی یاوەری كرد.
بەمەبەستی تاوتوێكردنی دۆخی ناوچەكەو هەرێمی كوردستان ئەمرۆ ئەلێستەر بێرت، وەزیری دەوڵەتی حكوومەتی بەریتانیا بۆ كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكوری ئەفریقیا و شاندی یاوەری سەردانی كوردستانیانكرد و لە لایەن مەسرور بارزانی راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان پێشوازیان لێكرا.
بەپێی ڕاگەیاندراوێك لە دیدارێكدا، كە هەریەك لە باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق و كونسوڵی گشتی بەریتانیا لە هەولێر و نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بەریتانیا ئامادە بوون، پەرەسەندن و پێشهاتەكانی ناوچەكە و پەیوەندی دوو قۆڵی نێوان هەرێمی كوردستان و بەریتانیا تاوتوێ كرا.
لەو دیدارەدا تایبەت بە بەرەوپێشچوونی پەیوەندییەكانی نێوان بەغدا و هەولێر، مەسرور بارزانی پەسەندكردنی بودجەی گشتیی بە هەنگاوێكی ئەرێنی وەسفكرد، بەو پێیەی دەبێتە هاندەر بۆ چارەسەركردنی پرسە هەڵواسراوەكان و بە پێویستیزانێ بەریتانیا رۆڵی خۆی ببینێ لە زیاتر لێكنزیككردنەوە و چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەردوولادا.
لەلای خۆیەوە وەزیری دەوڵەتی حكوومەتی بەریتانیا بۆ كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكوری ئەفریقیا باسی لەوە كرد، بەریتانیا لە پەرەپێدان و پتەوكردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەكان بەردەوام دەبێت و رایگەیاند، وڵاتەكەی پشتگیری زیاتر لە هەماهەنگی نێوان هێزەكانی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە ناوچەكانی تایبەت بە مادەی ١٤٠ دەكات، بۆئەوەی دەرفەت نەدرێتە سەرهەڵدانەوەی داعش و زەمینەی رێككەوتنی سیاسی لەسەر بنەمای دەستوور بۆ چارەسەری كێشەكانی ئەو ناوچانە بێتەدی.