پەکەکە ئاو لە ئاشی کورد کوژی تورکیا دەکات، ڕووداوەکانی شیلادزێ وەک نموونە

 

یاد سرێشمەیی

 

لەڕووداوەکانی شیلادزێ دەبێت بەدوای (هۆــcause) بگەڕێین ئینجا قسە لە سەر (ئەنجامەــ effect)کان بکەین، لە ماوەی دوو ساڵی رابردوو ۲۰ هاونیشتیمانی سڤیل بوونەتە قوربانی ململانێیەکی هاوردەکراو کە هیچ پەیوەندیەکی نە بەخاکی ناوچەکەو نە بە خەلکی دەڤەرەکەوە نیە.

هۆکاری رووداوەکانی ئەمڕۆ و دوێنێ و تەنانەت سبەش پەکەکەیە، وجوودی پەکەکەیە دەرفەتی بە دەستدرێژ و خۆێنڕێژی تورکیا داوە کە خەلکی ئەو دەڤەرە بکەنە ئامانج، دیسان وجوودی پەکەکە هۆکاری داوەتە دەست تورکیا لەشکر کێشی بکاتە نێو خاکی هەرێم بنکەو بارەگاکانی بە قولای چەند کیلۆ مەترێک لەچەند ناوچەیەک دابمەزرێنێت.

دوو گوللـە بە قەرە قۆلێکی تورک وەنان و تەقەکردن لە باڵەفڕە شەڕکەرەکانی تورکیا کە وەک ئەوە وان بۆ گیانی کورد دروستکرابن لە هەرکوێیەک بێت تەنها کورد دەکوژێت، نەدەچێتە خانەی بەرەنگاری چەکداری نە فڕی بە شۆرش چەکداریەوە وەیە، تەنانەت زمینەسازی بۆ دەستدرێژی زیاتری تورکیاو دەرفەتی زیاتر بەوان دەدەن کە ئەوان بێ گوێدانە خاک وخەلک و سرووشت ڕاست و چەپ گورز بووەشێنن.

خەلکی ئەو دەڤەرە سێ دەیەیە لەلایەک لە ترسی فڕۆکەو جەندرەمەکانی تورک و لەلایەکی تر لە ترسی پەکەکە ناتوانن بگەڕێنەوە زێدی خۆیان و سەر رەزو باغەکانیان، بۆ ئەوانەش قاچاغئاسا دەگەڕێنەوە باج و سەرانەیان لێوەر دەگیرێت، لێرە ئەگەر بە ویژدانەوە هەلسەنگاندن بکەین و دوور لە عاتیفەی سیاسی بڕیار بدەین، زۆر ڕوونە کە پەکەکەی هۆ بەدەستەوە دەر، وای کردووە تورک لە ماوەی دووساڵ بیست هاووڵاتی سڤیلی بێ گونەهـ بکاتە ئامانج و تیرۆریان بکات.

ناڕەزایەتی خەلکی ناوچەکە لە دژ دوور خستنەوەی شەڕە لە ماڵەکانیان، ئەوان لە زیندانێکن تورکیا لە ئاسمان و پەکەکە لە زەوی زیندانی کردوون، ئەمە جگە لەوەی پەکەکە بەناوی دژایەتی تورکیا زەوی، تورکیا بە ناوی دژایەتی پەکەکە ژیانیان لێدەستێننەوە، ئێستا کاتیەتی ناڕەزایەتیەکان وەک خۆی بگەیێندرێن خەلکی ناوچەکە بەقەد توڕەییان لە تورکیا و کوشتنی مرۆڤەکانیان توڕەن لە وجودی پەکەکە، کە هۆکاری کوژرانی ئەوانە.

 

Back to top button