فۆرن پولیس: ئەمریكا بەشێك لە هێزەكانی لە سوریا دەهێڵێتەوە بۆ رێگری لە هیلالی شیعی

 

دوای ئەوەی سەرۆكی وڵاتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا رایگەیاند كە تەواوی هێزەكانی لە سوریا و رۆژئاوای كوردستان دەكشێنێتەوە سەرچاوەیەكی سەربازی ئەمریكی بڵاویكردوەتەوە ئیدارەی ئەمریكا پلانی هەیە بۆ هێشتنەوەی بەشێك لە هێزەكانی لە بنكەی سەربازی تەنەف لە باشوری خۆرهەڵاتی سوریا.
سەرچاوەكە بە گۆڤاری فۆرین پۆلیسی” ئەمریكی راگەیاندوە ” بنكەی سەربازی تەنەف سەرچاوەیەكی یەكلاكەرەوەیە بۆ كۆسپ درووستكردن و رێگەگرتن لە درووستكردنی هیلالی شیعی لەلایەن ئێرانەوە
هیلالی شیعی كە ئێران كاری بۆ دەكات بریتیە لە درووستكردنی هێڵی پەیوەندی وشكانی لە ئێرانەوە بۆ عیراق وسوریا بەرەو باشوری لوبنان بەمەبەستی پشتیوانیكردنی حزبوڵڵای لوبنان.
گۆڤارەكە لە راپۆرتەكەیدا كە لەژمارەی ئەمرۆیدا بڵاویكردوەتەوە ئاشكرای كردوە بنكەی سەربازی تەنەف یارمەتیدەردەبێت بۆ رێگەگرتن لە خواستەكانی ئێران بۆ دروستكردنی ئەو هیلالە چونكە ئێران دەیەوێت لەرێگەی ئەو پرۆژەیەوە هەرەشە بكاتە سەر ئیسرائیل
ئاماژەی بۆ ئەوەشكردوە زیاتر لە 200 سەربازی ئەمریكی ڕاوێژ پێشكەش بە لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكانی سوریا دەكەن لە بنكەی تەنەف .
بنكەی تەنەف دەكەوێتە دەروازەی سنوری نێوان سوریا وئوردن و عیراقەوە لە ئێستادا هێزەكانی ئەمریكا لەوبنكە سەربازیەدان.
رۆژی 19ی مانگی كانونی یەكەمی ساڵی رابردوو دوناڵد ترامپ سەرۆكی ئەمریكا بریاری دا هێزەكانی وڵاتەكەی لەسوریا بكشێنێتەوە پاش ئەوەی توانیان تێرۆریستانی داعش لە سوریا لەناوبەرن.

Back to top button