نێچیرڤان بارزانی بۆ وەزیری دەوڵەت لە حكومەتی بەریتانیا: چارەسەری كێشەكانی بەغدا و هەولێر كاتی زیاتر دەوێت

 

جوای ئەوەی ئەمڕۆ شاندێكی بەریتانیا بە سەركردایەتی ئەلێستەر بێرت، وەزیری دەوڵەتی حكوومەتی بەریتانیا بۆ كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكوری ئەفریقیا سەردانی كوردستانیانكرد و لە لایەن نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستا پێشوازی لێكراو لە كۆبوونەوەكەدا سەرۆكی حكومەت رایگەیاند:”چارەسەركردنی بەشێك لە كێشەكان لەگەڵ بەغدا پێویستی بەكاتی زیاترە”.
بەپێی راگەیێندراوێكی ماڵپەڕی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆبوونەوەكەدا سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی ئەو سەردانە و هاوكارییەكانی بەریتانیای بۆ هەرێمی كوردستان كرد و رایگەیاند ”ئەو كەشەی لە نێوان هەولێر و بەغدا دروست بووە توانیویەتی بەشێك لە كێشەكان چارەسەر بكات و بەشێكی دیكەی كێشەكانیش پێویستی بە كاتی زیاتر هەیه و جەختیشی لە پشتگیریی هەرێمی كوردستان بۆ حكومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی كردەوە”.

لە بەرامبەردا وەزیری دەوڵەتی بەریتانیا بۆ كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پەرەپێدانی نێودەوڵەتی خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانی بۆ هەرێمی كوردستان دەربڕی و قوربانیدانی هەرێمی كوردستانی لە شەڕی داعش بەرز نرخاند و جەختیشی لە پابەندیی بەریتانیا بۆ پشتگیریی عێراق و هەرێمی كوردستان كردەوە.

وەك لە راگەیێندراوەكەی ماڵپەڕی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا هاتووە، ئەلیستەر بێرت دەستخۆشی لە حكومەتی هەرێمی كوردستان كرد بۆ بڕینی رێگەیەكی باش لە دیالۆگ لەگەڵ بەغدا بەمەبەستی چارەسەركردنی بەشێك لە كێشەكان و پشتگیری له حكومەتی نوێی عێراق، هەروەها پشتگیریی خۆی بۆ دامەزراندنی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان نیشان دا.

لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا هەردوولا جەختیان لە گرنگیی هاوكاری و هەماهەنگیی هەمەلایەنە كردەوە بۆ رێگەگرتن لە هەر ئەگەرێكی سەرهەڵدانەوەی داعش و هەر تووندوتیژییەك لە عێراق و هەرێمی كوردستان.

تاوتوێكردنی دۆخی ناوچەكە و چەند بابەتێكی پەیوەست بە پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەریتانیا، لایەنێكی دیكەی دیدارەكە بوو.

Back to top button