ژنێكی فینلەندی لەنێو ئۆتۆمبێلدا منداڵی بوو

دوێنێ شەو ژنێكی فینلەندی لەنێو ئۆتۆمبێلی هاوسەرەكەی لەسەر ڕێگەی نەخۆشخانەی هێلسینكی منداڵی بوو.

لەو كاتەی دوێنێ شەو كە بەفرێكی زۆر دەباری و پلەی گەرماش 18 لە خوار سفرەوە بوو، ژنێكی فینلەندی لەگەڵ مێردەكەی بەڕێكەوتن بۆ نەخۆشخانە، بەڵام ژنەكە خۆی بۆ نەگیرا و لەسەر ڕێگەی كۆسكیلانتی – هێلسینكی منداڵەكەی بوو، مێردەكەی دەمودەست پەیوەندی بە پۆلیسەوە كرد و ئەوان بەر لە هاتنی تیمی پزیشكی گەیشتنە فریای ژنەكە و منداڵە تازە لەدایكبووەكە.

پۆلیس وێنەیەكی رووداوەكەی گرتووە لەو كاتەی باوكەكە یارمەتی ژنەكەی دەدات بۆ ئەوەی منداڵەكە لە ئۆتۆمبێلەكە دەربێنێ و لەم سەرمایەدا لە بەتانییەكی بپێچنەوە. لەمبارەیەوە پۆلیسی هێلسینكی رایگەیاند منداڵەكە بە یارمەتی باوكی لەدایك بووە و تەندروستی باشە.

پیاوەكە بە پۆلیسی راگەیاندووە دەچوونە نەخۆشخانە بۆ ئەوەی ژنەكەی منداڵەكەی ببێت، بەڵام لە نیوەی رێگەدا رووی دا و منداڵەكە بوو، بۆیە ناچار بوو ئۆتۆمبێلەكەی لەبەردەم وێستگەیەكی وەستانی پاسدا رابگرێت.

Back to top button