بەپەلە .. پارتی داواکارییەك دەخاتە بەردەم ئەو حزبانەی بەژداری لە حکومەت دەکەن ..دەبێ ئەمە بکەن

پارتی دیموکراتی کوردستان داوا لەو لایەنانە دەکات کە بەشداریی لە حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا دەکەن، پەرلەمانتارانی عێراقیان پاڵپشتی لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بکەن.

بڵند ئیسماعیل، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕای گەیاند، ئەو لایەنانەی کە دەیانەوێت بەشداری لە حکوومەتدا بکەن، دەبێ لە هەرێمی کوردستان و دەرەوە و بەغداش یەکهەڵوێست بن، گوتیشی برادەرانی یەکێتی و گۆڕان خۆیان داوا دەکەن کە ھەڵوێستەکان یەکبن، بەداخەوە ھەندێ لێدوانی برادەران لە پاش پەسەند کردنی بودجە، پێیان وایە ئەو دەستکەوتە ھی ئەوانە، بە ھەرێمی بفرۆشنەوە، بەشێکە لەو دۆخە.

جەختیشی کردەوە کە دەبێ هەمووان بزانن ئەوەی لە بودجەی ٢٠١٩ی عێراقدا بەدەست هاتووە، دەستکەوتی سەردانەکەی سەرۆک بارزانییە بۆ بەغدا و کۆششی وەزیری دارایی عێراقیشە لە داڕشتنەوەی ماددەکانی پەیوەست بە هەرێمی کوردستان، بە جۆرێک کە لە بەرژەوەندیی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بێت.

ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی پارتی دووپاتی کردەوە کە ئەوان ناتوانن لە هەرێمی کوردستاندا پێکەوە بن و لە بەغداش ”بەم جۆرە لێدوانانە، هەوڵی تێکدانی دۆخی هەرێمی کوردستان بدرێ و دووبەرەکی درووست بکرێت“. دووپاتیشی کردەوە: پێموایە لەسەر خودی گۆڕان ئەرکە کە خۆی پەرلەمانتارەکانی ئاراستە بکات، تاوەکوو شتێک نەڵێن پێچەوانەی ڕێککەوتنەکانی گۆڕان بێت لەناوخۆی هەرێمی کوردستان.

ئەوەشی نەشاردەوە کە حزبەکان بێسەروبەرییان تێدایە و لەوانەیە نەتوانن پەرلەمانتارەکانیان پابەند بکەن، بەڵام ئەمە تاسەر نابێت و پارتی و هەرێمی کوردستانیش ئەمەی پێ قەبووڵ ناکرێت.

Back to top button