بەرپرسێکی باڵای یەکێتی لە کەرکووك دەستگیر کرا
ئەمڕۆ یەك شەممە عەقید شێرزاد ئەحمەد، بەڕێوەبەری ھاتوچۆی کەرکووک دەستگیر کرا، نەجات حەسەن، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک، ڕای گەیاند، دەستگیرکردنەکە لەسەر بڕیاری دادوەر بووە و لەسەر تۆمەتێک بووە، بەڵام وردەکاریی هۆکاری دەستگیرکردنەکەی نازانن. گوتیشی: ئەو دەتوانێت بەرگری لە خۆی بکات کە هەر تۆمەتێکی ئاراستە کرابێت
بەپێی زانیارییەکانی (خـواكوڕك)، بەڕێوەبەری ھاتوچۆی کەرکووك کوردە و لەسەر پشکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەو پۆستەی وەرگرتووە.
هەر لەمبارەیەوە ماڵپەڕی (کوردستان ٢٤) بڵاوی کردەوە کە بەڕێوەبەری پۆلیسی هاتوچۆی کەرکووک لەگەڵ ٢٣ ئەفسەر و کارمەندی بەڕێوەبەرایەتییەکە و بەڕێوەبەری پۆلیسی رەحیماوە و ١٩ پۆلیسی دیکە دەستگیر کراون. تۆمەتەکەشیان تۆمارکردنی بارهەڵگرێک بووە بە شێوەیەکی نایاسایی و دوور لە ڕێنماییەکان، بۆیە بە فەرمانی پشکنەری گشتیی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، دەستگیر کرابن.