مهسروور بارزانی: دڵنیایی دهداته پاتریاكی ئەنتاكیا و تهواوی ڕۆژههڵات
مەسروور بارزانی، راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە پاتریاكی ئەنتاكیا و تەواوی رۆژهەڵات و سەرۆكی كەنیسەی سریانی ئەرتۆدۆكس لە جیهان و شاندێكی یاوەری كرد و لە دیدارێكدا رایگەیاند: لە نیگەرانییەکانی پێکهاتەی کریستیان لە ناوچەکانی دیکەی عێراق تێدەگەین، لەم روانگەیەوە ئێمە لە یارمەتی و پشتیوانییەکانمان بۆ كریستیانەكان بەردەوام دەبین.
لە دیدارەكەدا شاندی میوان سوپاس و پێزانینیان بۆ سەرکردایەتیی سیاسی و حكوومەتی هەرێمی کوردستان هەبوو لە بەرامبەر پێشوازیکردن و حەواندنەوە و داڵدەدانی كریستیانەكان لە هەرێمی كوردستان له كاته سهختهكاندا.
هەر لەو دیدارەدا ئاماژە بە پەیوەندیی مێژوویی نێوان كریستیانەكان و گەلی کورد درا و جەخت لە پێكەوەژیانی ئاشتیانە و چارەنووس و ئاییندەی هاوبەشی تێکڕای پێکهاتەکانی گەلی كوردستان كرایەوە، لەو بارەوە مەسرور بارزانی روونی کردەوە، کە گەلی کورد شانازی بە پەیوەندییە مێژووییەکان و پێکەوەژیانی ئاشتیانەی نێوان پێکاتەکانی کوردستان دەکات، وەک خاڵێکی بەهێز لێی دەڕوانێت و رای گەیاند، لە نیگەرانییەکانی پێکهاتەی کریستیان لە ناوچەکانی دیکەی عێراق دەگەین، لەم روانگەیەوە ئێمە لە یارمەتی و پشتیوانییەکانمان بەردەوام دەبین.
هەروەها ڕاوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان دڵنیایی دایە شاندی میوان، کە کریستیانەکان بە بەشێک لە گەلی کوردستان دەزانن و رایگەیاند، لەژێر هیچ بارودۆخێکدا دەستبەرداری ئەو پەیوەندییە مێژوویی و پرەنسیپانە نابین، کە لە باوەری قوڵمانەوە بە رێزگرتن لە جیاوازیی نەتەوەیی و بیروباوەڕی ئایینیەوە سەرچاوەی گرتووە و گوتی: پێویستە هەموان ئەم وڵاتە بە وڵاتی خۆیان بزانن و ناکرێت پەنا بۆ جێهێشتنی وڵاتەکەیان ببەن.
لەبەرامبەردا پاتریاك مار ئەگناتیۆس پاراستن و داڵدەدانی کریستیانەکانی لەلایەن خەڵک و حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەرزنرخاند و تیشکی خستە سەر نیگەرانیی کریستیانەکان لە ناوچەکەدا، کە لەلایەن هەندێ گروپی چەکدارەوە ناچار بەوە دەکرێن ماڵ و حاڵی خۆیان جێ بهێڵن.
لە کۆتاییدا نزای سەقامگیری و پێشکەوتنی زیاتری بۆ هەرێمی کوردستان و گەلەکەی خواست و داواشی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد، ئەگەر دەخوازن یارمەتیدەر بن، پێویستە لە زێدی خۆیانەوە ئەوەیان بۆ بکەن و لە چارەسەرکردنی رەوشەکە هاوکاریان بن.