نه‌سره‌دین مه‌حمود : پێویسته‌ ئێمه‌ بەگیانێکی خەمخۆرانەوە ھاوکاری سەرۆکی هەرێم وحکومەت بکەین

نەسرەدین مەحمود، ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان ڕاگەیاند:”ڕەنگە درەنگ کەوتنی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پەیوەندیی بەناکۆکی لایەنەکانەوە ھەبێت، بەڵام ھەرلایەنێکی سیاسی ئەگەر بەشداری ھەڵبژاردنی کردبێت یان نەکردبێت، خاوەنی کورسی بێت یان نا، پێویستە خەمی پێکھێنانی کابینەی نوێی داھاتووی حکومەتی ھەرێمی بێت، نەوەکو کێشە بۆپێكهێنانی کابینەکە دروست بکات”.

ئەندامه‌كه‌ی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان گووتیشی:”پێویستە ئێمە بەگیانێکی خەمخۆرانەوە ھاوکاری سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بکەین، بۆ ئەوەی ھانی بدرێن بەشێوازێکی باشتر خزمەتی خەڵکی کوردستان بکەن”.

نەسرەدین مەحمود، ئەندامی جڤاتی نیشتمانی گۆران ده‌ڵێت:” کۆمەڵێک گۆڕانکاری لە ناوچەکەدا ڕوودەدات، پێویستە ئێمە خۆمان بۆ ئەو گۆڕانکارییانە ئامادە بکەین، بۆیە ئەگەر حکومەتێکی تۆکمە و یەکگرتوومان نەبێت، ناتوانین ڕووبەڕووی ئەو ئەگەرانە بوەستینەوە، ھەر لایەنێکی سیاسی ھەوڵی درووستکردنی کێشە و دووبەرەکی بدات، دواجار خۆی تووشی ئەو کێشانە دەبێت، کە بەرنامەی بۆ داناوە”.

نەسرەدین مەحمود لەبارەی پشکی حزبەکەی لە کابینەی نوێی حکوومەت، گووتی:” پۆستی جێگری سەرۆکی حکومەت و چەند وەزارەتێکی خزمەتگوزاری بەشایستەی خۆمان دەزانین و ئەگەر ئەو وەزارەتانە وەربگرین، ئەوکاتە ئێمە لەناو ئەو حکومەتەدا بەبێ جیاوازی خزمەتی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان دەکەین”.

رۆژی ۳۰ـی ئەیلوولی ۲۰۱۸، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوە چوو ، پارتی بە درووشمی “كوردستانێكی بەهێز” بەشداری لە هەڵبژاردنی خوولی پێنجەمی پەرلەماندا كرد و وەك هێزی یەكەم بە جیاوازییەكی زۆر لە پێش حزبەكانی دیكەوەیە، مەسروور بارزانی، كاندیدی پارتی دیموكراتی كوردستانە بۆ سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان.

Back to top button