مەسروور بارزانی پێشوزای لە شاندێكی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا دەكات

 

بەمەبەستی گفتوگۆكردن لە بارەی دۆخی ناوچەكە و پەیوەندیەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەمریكا شاندێكی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا بە سەرۆكایەتی ئەندرۆ پیك، جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا بۆ كاروباری ئێران و عێراق و شاندێكی یاوەری سەردانی كوردستانیان كرد و لە گەڵ مەسروور بارزانی راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان كۆبوونەوە.

لەو دیدارەدا كە داگلێس سولیمن بالیۆزی ئەمەریكا لە عێراق ئامادە بوو، پێشهات و پەرەسەندنە‌كانی ناوچەكە و پەرەپێدان و پتەوكردنی پەیوەندی دووقۆڵی نێوان ئەمریكا و هەرێمی كوردستان تاوتوێ كران.

لەو دیدارەدا جەخت لە بایەخی ئاساییكردنەوەی رەوشی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان كرایەوە ، بە مەبەستی دەرفەت نەدان و رێگەگرتن لە سەرهەڵدانەوەی مەترسی تیرۆر و گرژی و ناسەقامگیری. لە پەیوەندی بەم بابەتەوە مەسرور بارزانی بە پێویستی زانی كە ھەنگاوەكانی چارەسەریی دۆخی ئەم ناوچانە بە شێوەیەكی ھاوبەش لە رێگەی دامودەزگا فەرمی و دەستورییەكانی عێراق و ھەرێمی كوردستان بێت.

لەلای خۆیەوە ئەندرۆ پیك، پێگەی هەرێمی كوردستانی لە سەقامگیری ناوچەكەدا بە گرینگ وەسفكرد و دووپاتی لە پەرەپێدانی پەیوەندییەكان و كاری هاوبەش لە نێوان هەردوولا كردەوە.

لە بەشێكی دیكەی ئەو دیدارەدا، وێڕای تیشكخستنە سەر هەوڵەكانی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان ، مەسرور بارزانی بەرەوپێشچوونی پەیوەندی نێوان بەغدا و هەولێری بە قۆناغێكی ئەرێنی وەسفكرد و ھیوای خواست كە ئەمەریكا و دۆستانی عێراق رۆلێكی كاراتر و فروانتر ببین لە پێناو چارەسەریی گشت كێشە ھەڵواسراوەكان.

Back to top button