چوار ساڵ بەر لە ئەمڕۆ كۆبانێ ئازادكرا
دوای ئەوەی داعش چوار ساڵ بەر لە ئێستا بەشێكی زۆر خاكی رۆژئاوای كوردستانی داگیركرد, كۆبانێ زیاتر لە %80ـی لە لایەن داعش داگیركرابوو, لە كاتێكدا نا بەرامبەری هێزەكە بە جۆرێك بوو خەریك بوو ئەو شارە بە یەكجاری بكەوێت, بە فەرمانی سەرۆك بارزانی هێزێكی پێشمەرگە بۆ هاوكاری و پشتیوانی چەكدارانی یەپەگە گەیشتنە رۆژئاوای كوردستان و لە رۆژێكی وەهادا شارەكە ئازادكرا.
لە ساڵی 2014 شاری كۆبانێ لەلایەن چەكدارانی داعشەوە داگیركرا و لە 26ی كانوونی دووەمی ساڵی 2015، هێزەكانی یەپەگە و پیشمەرگەی كوردستان و بە هاوكاری هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی شارەكەیان لەدەست ئەو رێكخراوە رزگاركرد.
كۆبانی هەر لەكاتی داگیركردنییەوە تا رۆژی رزگاركردنی بەچەند قۆناغێكدا تێپەڕی:
– لە رۆژی 15ی ئەیلوولی ساڵی 2014، چەكدارانی داعش لە سێ قۆڵەوە هێرشیی سەر ناوچەكانی دەوروبەری كۆبانێیان كرد.
– لە 19 هەمان مانگ، سەرجەم خەڵكی كۆبانێ شارەكەیان جێهێشت و پەنایان بۆ باكوور و باشووری كوردستان برد.
– لە رۆژی 3ی تشرینی یەكەمی هەمان ساڵ، ناوچەی مشتەنووری سەر بەو شارە كەوتە دەست چەكدارانی داعش.
– لە 4ی هەمان مانگ داعش چووە ناو شاری كۆبانێ و شەڕی كۆڵانبەكۆڵان دەستیپێكرد.
– بۆ یەكەم جار فڕۆكەی هاوپەیمانان لە 27ی ئەیلولی ساڵی 2014 بنكە و پێگەكانی داعشیان لە دەوروبەری كۆبانێ بۆردومان كرد، لە 7ی تشرینی یەكەمی هەمان ساڵ فڕۆكەی هاوپەیمانان دەستیان بە هێرشەكانیان بۆ سەنتەری ئەو شارەش كرد.
– لە 22ی هەمان مانگ لەسەر بڕیار و راسپاردەی سەرۆك بارزانی، پەرلەمانی هەرێمی كوردستان چوونی پێشمەرگەی بۆ شاری كۆبانێ پەسەند كرد.
– لە 28ی ئەو مانگە و تەنیا دوای 6 رۆژ لە پەسەندكردنی ئەو راسپاردەی سەرۆك بارزانی، هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان بەمەبەستی بەشداریكردن لە ئۆپەراسیۆنی رزگاركردنی كۆبانێ، گەیشتنە باكووری كوردستان، لەوێشەوە بەرەو كۆبانێ بەڕێكەوتن و لە 31ی هەمان مانگ لە دژی داعش دەستیان بە ئۆپەراسیۆنی رزگاركردنی سەنتەری ئەو شارە كرد.
– لە ئۆپەراسیۆنەكەدا 4 كاروانی پیشمەرگەی كوردستان بەشدارییان كرد و پێشمەرگەیەكیش لە ئۆپەراسیۆنەكەدا شەهید بوو.
– لە شەڕی رزگاركردنی كۆبانێدا هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان، یەكینەكانی پاراستنی گەل “یەپەگە”، چەند گرووپێكی ئەو كاتی سوپای سووریای ئازاد و هێزی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش بەشدارییان كرد و، هێزە كوردییەكان زۆرترین رۆڵیان لە پێشڕەوییەكاندا بینی.
– لە 26ی كانوونی دووەمی ساڵی 2015 رزگاركردنی تەواوی ئەو شارە راگەیەندرا.
– هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان بۆ ماوەی 6 مانگ لە كۆبانێ مانەوە و لە 22ی نیسانی 2015 و دوای رزگاركردنی كۆبانێ و دەوروبەرەكەی بە تەواوەتی، گەڕانەوە باشووری كوردستان.
– ئۆپەراسیۆنی رزگاركردنی ئەو شارە ماوەی 3 مانگ و نیوی خایاند، لە سەرەتای ئۆپەراسیۆنەكەوە دەزگای خێرخوازی بارزانی هاوكاری مرۆیی دەگەیاندە خەڵكی ئەو شارە.
ئێستاش كە 4 ساڵ بەسەر رزگاركردنی كۆبانێدا تێپەڕیوە، هەرچەندە ژیان لەو شارە تاڕادەیەك ئاسایی بووەتەوە، بەڵام تائێستاش زیاتر لە 300 هەزار هاووڵاتی سنووری ئەو شارە لە باكوور و باشووری كوردستان پەنابەرن، بەهۆی وێرانی شارەكەیان نەگەڕاونەتەوە سەر زێدی خۆیان