غەفور مەخموری:سەرۆک بارزانی مەرجەعی باڵایی گەلی کوردە، لە داهاتوودا کاریگەری زیاتر دەبێت

دوای ئەوەی ئەمڕۆ لە وڵاتی ئوردن کۆڕێکی سیاسی بۆ سکرتێری گشتیی یەکێتیی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان ڕێکخرا غەفور مەخموری ڕای گەیاند، سەرۆک بارزانی وەک مەرجەعی باڵای گەلی کوردستان، هاوشێوەی ئێستا و ڕابردوو، لە داهاتووشدا کاریگەریی زیاتری دەبێت و لە گۆڕەپانی سیاسیی کوردستاندا دەمێنێتەوە.

ئێوارەی یەکشەممە ٢٦ی ١ی ٢٠١٩ لە عەمانی پایتەختی ئوردەن، غەفوور مەخمووری سکرتێری گشتیی یەکێتیی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان، لە کۆڕێکدا کە لە ژێر ناونیشانی (ڕەوشی سیاسیی کوردستان و رۆڵی سەرۆک بارزانی وەک ڕێبەری گەلی کوردستان لە ئێستا و داهاتوودا) بەڕێوەچوو کە رۆژنامەی (ئەلدەستوور)ی ئوردنی ڕێکی خستبوو، ئاماژەی بەوە کرد کە پرسی گەلی کوردستان لە پێشڤەچوونێکی بەردەوامدایە و قۆناخی پێشووی دەربازکردووە و بۆتە پرسێکی جیھانی و لە چوارچێوەی سنووری دەستکردی “عێراق و ئێران و تورکیا و سووریا” دەرچووە، ئێستا ھەموو جیھان بە بایەخەوە مامەڵە لەگەڵ کوردستان دەکەن، ئەمەش مایەی خۆشحاڵی و ھەنگاونان بەرەو دواڕۆژێکی گەشە.

ڕوونیشی کردەوە کە سەرۆک بارزانی بە راوێژ لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی کوردستان، گەیشتنە ئەو باوەڕەی کەوا بۆ پاراستنی کوردستان و بەرگرتن لە پیلانەکان، بە پشتبەستن بە پرەنسیپی (مافی چارەنووس) و بنەماکانی مافی مرۆڤ، بڕیاری ئەنجامدانی ریفراندۆم بدەن، تاوەکوو گەلی کوردستان بڕیاری خۆی بدات. جەختیشی کردەوە کە ” لە مێژووی ژیانی سیاسیی سەرۆک مەسعوود بارزانی، یەکێک لە کارە ھەرە باشەکان کە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم جێگەی شانازییە“.

مەخمووری باسی لەوە کرد کە ئەنجامدانی ریفراندۆم سەرکەوتوو بوو، بێ کێشە بە ئەنجام گەیشت و زۆربەی ھەرەزۆری گەلی کوردستان بە تەواوی پێکھاتەکانەوە بە جۆش و خرۆشەوە روویان لە سندووقەکانی دەنگدان کرد و گەل بە رێژەی ٩٢.٧٣% دەنگیان بۆ سەربەخۆیی کوردستاندا، ”ئەمەش گەورەترین سەرکەوتن بوو بۆ گەلی کوردستان و پرۆسەی ریفراندۆم“. گوتیشی: ”لەو پرۆسەیەدا سەرۆک بارزانی و گەلی کوردستان زۆر باشتر دۆست و دوژمنەکەکانیان ناسی، لێرەدا دەبێ ئەوە بزانین کەوا سەرۆک بارزانی لەسەر ئاستی ناوخۆ و ناوچەیی و نێودەوڵەتی خیانەتی لێکرا“.

غەفوور مەخمووری لە کۆڕەکەدا ئاشکرای کرد: ”دوای ئەوەی کاک مەسعود ڕازی نەبوو پەرلەمانی کوردستان ماوەی سەرۆکایەتییەکەی بۆ درێژ بکاتەوە، لەم کاتەدا وەک رێبەری بزاڤی رزگاریخوازی نیشتمانیی کوردستان دەمێنێتەوە و دەتوانێت ھەنگاوی گرنگ بۆ گەیاندنی گەلی کوردستان بە کەنارێکی ئارام ئەنجام بدات، سەرۆک بارزانی لەناو کایەی سیاسیی کوردستان وەکو رێبەر و مەرجەعی باڵای گەلی کوردستان دەمێنێتەوە، بێگومان کەسایەتیی کارێزمیی سەرۆک بارزانی چۆن لە رابردوو و لە ئێستادا کاریگەری ھەبووە، لەداھاتووشدا کاریگەریی زیاتری خۆی دەبێت“.

سکرتێری گشتیی یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان لە کۆڕەکەدا داوای لە رۆشنبیرانی ئوردن کرد، ھاوکار و پشتیوانی گەلی کوردستان بن و رێز لە قوربانیدانی نەتەوەی کورد بگرن. گوتیشی: ”پێویستە رۆشنبیرانی عەرەب خوێندنەوەی دروستیان بۆ پرسی کورد ھەبێت و بە ئاگاییەوە مامەڵەی لەگەڵدا بکەن“. دووپاتیشی کردەوە: ”تەنھا سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەتی کورستان زامنی دووبارەنەبوونەوەی ئەو کارەساتانەن، بۆیە پێویستە ھەموو لایەک ھاوکار و پشتیوانی کورد بن بۆ ئەم مەبەستە“.

پاش کۆتاییهاتنی کۆڕەکە، هەریەک لە د. مونزر حەوەرات، بیرمەندی عەرەب، باڵیۆز د. فارووق ئەلعزە، حەمادە فەراعنەی پەرلەمانتارو عەونی داود، جێگری سەرنووسەری ڕۆژنامەی (ئەلدەستوور) و چەندان کەسایەتیی دیکە، بیروڕایان لەبارەی ناوەڕۆکی کۆڕەکە ئاڵوگۆڕ کرد. پاشانیش ڕێوڕەسمێک بە مەبەستی واژۆکردنی کتێبی (مەسعود بارزانی، سیمبوولی پێشمەرگایەتی و بەرەنگاریی نەتەوەیی) بەڕێوەچوو کە غەفوور مەخمووری نووسەرەکەیەتی.

Back to top button