سائیروون داوا دەكات رێكەوتنی سۆفیا هەڵبوەشێتەوە ئەمریكا لە عێراق بچێتە دەرەوە

 

لەگەڵ ئەوەی ئەمریكا لە هەوڵی زیادكردنی هێزەكانی دایە لە عێراقدا ئەمڕ بە نێو ئەنباردا دەسوڕانەوە, بەڵام لە لایەكی تر هاوپەیمانێتی سائیروون لە رێگەی پڕۆژە یاسایەكەوە داوا دەكات، پەرلەمانی عێراق بە بڕیارێك حكومەت ناچار بە هەڵوەشاندنەوەی رێككەوتننامەی سۆفیای نێوان واشنتن و بەغدا بكات.

لە پڕۆژە یاساكەی سائیروون هاتووە: دەبێت هێزەكانی ئەمەریكا لە ماوەی ساڵێكدا بەتەواوی لە خاكی عێراق بكشێنەوە، لە ئەگەری پێویستی هێزەكانی عێراق بە راوێژكارانی ئەمەریكاش، ئەوا دەبێت حكومەت لە رێگەی پەرلەمانەوە داوای مانەوەی راوێژكاران بكات.

سەباح ساعدی، سەرۆكی كوتلەی سائیروون، لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاندووە، دەبێت هێزەكانی ئەمەریكا لەماوەی ساڵێكدا بە تەواوی لە خاكی عێراق بكشێنەوە، لە ئەگەری پێویستی عێراق بەبوونی راوێژكاری بیانی و ئەمەریكی، ئەوا دەبێت حكومەت داوایەك ئاراستەی پەرلەمان بكات و لە رێگەی پەرلەمانەوە بڕیار لە مانەوەی راوێژكاران بدرێت.

واشنتن و بەغدا رێككەوتننامەی سۆفیایان هەیە، كە لە ساڵی 2011 ئەنجامیانداوە، بە پێی رێككەوتنەكە لە زۆر حاڵەتدا ئەمەریكییەكان بۆیان هەیە هێز رەوانەی عێراق بكەنەوە، هاوپەیمانێتی سائیروون جگە لە دەرچوونی هێزەكانی ئەمەریكا داوا دەكات، حكومەت ئەو رێككەوتننامەیەش هەڵبوەشێنێتەوە و بە تەواوی كۆتایی بە هەژموونی ئەمەریكا لە عێراق بهێنێت.

هاوكات سەرچاوەیەك لە پەرلەمانی عێراق بە میدیاكانی گوتووە، 59 پەرلەمانتار واژوویان لەسەر پڕۆژەیاساكەی هاوپەیمانێتی سائیروون كردووە و چاوەڕوانی هەڵوێستی سەرۆكایەتی پەرلەمانن.

لەبەرامبەریشدا هەیبەت حەلبووسی، پەرلەمانتاری عێراق لە بازنەی پارێزگای ئەنبار لەبەرامبەر هەڵوەشاندنەوەی رێككەوتننامەی سۆفیا رایگەیاندووە، ئەوان دژی هەڵوەشاندنەوەی رێككەوتننامەی سۆفیان، چونكە راوێژكارانی ئەمەریكا راوێژ بە هێزەكانی عێراق دەدەن و لە پاراستنی سنوور هاوكارییان دەكەن.

Back to top button