سەرۆك بارزانی و پاشای ئەردەن كۆبوونەوە

 

دوای ئەوەی ئێوارەی ئەمڕۆ سەرۆك بارزانی بەرەو وڵاتی ئەردەن بەڕێكەوت, دوای خوانی ئێوارە كە لە سەر شەرەفی سەرۆك رێكخرابوو, لەگەڵ شا عەبدوڵڵای دووەم پادشای ئەردەن كۆبوویەوە.

ئاژانسی هەواڵدەری رەسمی ئەردەن بڵاویكردەوە، ئێوارەی ئەمڕۆ لە كۆشكی حسێنیی، شا عەبدوڵڵای دووەم پادشای شانشینی هاشمی ئەردەن پێشوازی لە سەرۆك مەسعود بارزانی كردووە، كە ئێستا بە سەردانێك لە وڵاتی ئەردەنە.

بە گوێرەی ئاژانسەكە، لە كۆبوونەوەكەدا، میر فەیسەڵی كوڕی حوسێن ئامادە بووە و هەردوولا پەیوەندییەكانی نێوانیان و رێگەی پێشخستنی زیاتری هاوكاری نێوان ئەردەن و هەرێمی كوردستانیان لە بوارە جیاجیاكان تاوتوێكردووە.

لەو كۆبوونەوەیەدا، پادشای ئەردەن جەختی لەسەر پشتیوانیكردنی وڵاتەكەی لە سەقامگیری و ئاسایشی عێراق و وەستانی ئەردەن لە پاڵ گەلی عێراقی دووپاتكردووەتەوە لە پێناو بەدیهێنانی ئایندەیەكی گەش.

جگە لە میر فەیسەڵ، هەریەك لە راوێژكاری پادشا و بەڕێوبەری نووسینگەكەی و سەرۆكی دەستەی ئەركانی هاوبەش و بەڕێوبەری گشتیی هەواڵگری ئەردەن ئامادەی دیدارەكە بوون.

شایەنی باسە ئێوارەی ئەمڕۆ ماڵپەڕی سەرۆك مەسعود بارزانی بڵاویكردەوە، كە سەرۆك لە رێگەی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرەوە بەرەو عەممانی پایتەختی ئەردەن بەڕێكەوتووە بە مەبەستی كۆبوونەوە و دیدار لەگەڵ شای ئەردەن.

سەچاوە: پیترا

Back to top button