حەسەن نەسڕوڵا: ئەو جۆرە مووشەكانەمان هەن كە هەركوێیەكمان بوێت لە ئیسرائیل دەیكەینە ئامانج

 

دوای ئەوەی لە ماوەی رابردوو ئیسرائیل چەند جارێك هێزەكانی رژێمی سوریا و پێگەكانی ئێرانی لە نێو خاكی سوریا مووشەك بارانكردووە, حەسەن نەسروڵا، ئەمینداری گشتی حزبوڵای لوبنان هۆشداری داوەتە ئیسرائیل و رایگەیاندووە، بەردەوامبوونی هێرشەكانی تەلەئڤیڤ بۆ سەر سوریا دەتوانێت ببێتە هۆی هەڵگیرسانی شەڕێك لە ناوچەكە.
لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی مەیادین، حەسەن نەسڕوڵا، سەبارەت بە هێرشە ئاسمانیەكانی ئیسرائیل بۆ سەر چەند ناوچەیەكی سوریا رایگەیاند: ئەگەر ئەو جۆرە هێرشانە بەردەوام بن، دور نییە دیمەشق بە شێوەیەكی جیاواز بەرپەرچی بداتەوە و ئەمەش ببێتە هۆی هەڵگیرسانی شەڕ لە ناوچەكە.
نەسڕوڵا باسی لەوەشكرد، كە چەندین جۆر موشەكیان هەیە، كە دەتوانن هەر شوێنێكی ئیسرائیل بكەنە ئامانج، بەڵام لە هەمان كاتدا وتیشی، نیازیان نییە لە ئێستادا بكەونە شەڕەوە لەگەڵ ئەو وڵاتە.
لەبەشێكی تری چاوپێكەوتنەكەدا ئەمینداری گشتی حزبوڵای لوبنان، ئەو دەنگۆیانەشی رەتكردۆتەوە كە لە بارەی خراپی باری تەندروستیەوە بڵاودەكرێنەوە و رایگەیاندووە: هیچ كێشەیەكی تەندروستی نییە.
لە ماوەكانی رابردوودا ئیسرائیل دەیان جار هێرشی ئاسمانی كردۆتە سەر خاكی سوریا و بەرپرسانی ئەو وڵاتە دەڵێن، لەو هێرشانەدا بنكە و دامەزراوە سەربازیەكانی سەر بە ئێران كراونەتە ئامانج.

Back to top button