وتەبێژی وەزارەتی كارەبا: 250-300 میگا وات بۆ كارەبای نیشتمانی زیادكراوە, كارەبای هاوڵاتیان زیاد دەبێت
دوای ئەوەی چەند وێستگەیەكی نوێی كارەبا كەوتنە كار و وا بڕیارە لە داهاتوشدا چەند وێستگەیەكی دیكە بخرێنە كار,وتەبێژی وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێت: “بڕی 250-300 میگا وات بۆ كارەبای نیشتمانی زیادكراوە، چاوەڕواندەكرێت لە مانگی داهاتوو بڕێكی دیكە زیاد بكرێت”، بۆ كەمكردنەوەی فشاری سەر محاویلەی كارەبای گەڕەكەكانیش داواكارییەك ئاڕاستەی هاووڵاتیان دەكات.
حمەئەمین هەورامانی وتەبێژی وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاندووە “وەكو قۆناغی یەكەم بڕی 250-300 میگا وات بۆ كارەبای نیشتمانی زیادكراوە ئەویش بەهۆی بەرهەمهێنانی زیاتر لە كێلگەكانی كۆرمۆر، پێشبینیش دەكەین قۆناغی دووەم لەمانگی داهاتوو بچێتە بواری جێبەجێكردن ئەویش بەهۆی كاركردن لە كێڵگەی خورمەڵە كە لە ئێستادا كاری تێدا دەكرێت و غازەكە نەگەیشتووەتە دەستی ئێمە”.
وتەبێژی وەزارەتی كارەبا گوتیشی:” بڕی كارەبای نیشتمانی لەئێستادا تەنها ئەوەندەیە دەدرێتە هاووڵاتیان، بەڵام بەهۆی گۆڕانی كەش و هەوا لەمانگەكانی داهاتوو فشار لەسەر كارەبا كەمدەبێتەوەو كاتژمێرەكانی پێدانی كارەبا زیاد دەكات.
سەبارەت بە چارەسەركردنی فشاری سەر محاویلەی كارەبای گەڕەكەكان و كە زۆرجار دەبێتە هۆكاری سوتاندن و لەكاركەوتنییان بۆ چەند رۆژێك، حمەئەمین هەورامانی وتەبێژی وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێمی كوردستان
گووتی: “ئەو كێشە پێویستە لەرێگەی بەرێوەبەرایەتی گشتی كارەبای پارێزگاكانەوە چارەسەربكرێت، بۆ ئەوەش داوای لە هاووڵاتیان كرد كارپێكردنی ئامێرەكانی گەرمكردنەوە كەمبكەنەوە، تاوەكو فشار لەسەر محاویلەكانی كارەبا دروست نەبێت و ئەو بڕە كارەبایەی دەمێنێتەوە بە یەكسانی دابەشبكرێت و هاووڵاتیانیش بێ كارەبا نەبن”.
هەروەها دەشلێت: “بوونی فشار لەسەر محاویلەی كارەبای گەڕەكەكان لەسەرجەم پارێزگاكانی عیراق و هەرێمی كوردستان هەیە بۆ چارەسەری ئەوەش پێویستە هاووڵاتیان كەمتر كارەبا بەكاربهێنن”.