پسپۆڕان هۆکاری سەرەکی قەڵەویی ئاشکرا دەکەن

پسپۆڕان بڕوایان وایە، جیناتی مرۆڤ رۆلێکی گرنگی هەیە لە لاوازیی و قەڵەویی کەسەکان و بۆ ئەوەش توێژینەوەیەک ئەنجام دراوە.

لە توێژینەوەیەکی زانکۆی کامبریج ئاشکرا کراوە، ئەگەرچی شێوازی ژیان و خواردن کاریگەری لەسەر کێشی مرۆڤ هەیە، بەڵام جیناتی مرۆڤیش رۆڵی سەرەکی هەیە لە قەڵەونەبوونی هەندێک کەس.

توێژینەوەکە ئاشکرایکردووە، 40% بۆ 70% هۆکاری زیادبوونی کێش دەگەڕێتەوە بۆ جینات و هۆکارە بۆ ماوەییەکان.

ئەو پسپۆڕانەی کامبریج توێژینەوەیان لەسەر یەک هەزار و 622 کەسی لاواز و یەک هەزار و 985 کەسی قەڵەو کردووە و جیاناتیان بەراورد کردوون.

بەگوێرەی هەواڵێکی ماڵپەڕی نیوز ویک، سەدەف فارووقی، سەرۆکی توێژینەوەکەی کامبریج ئاشکرایکردووە: “هەندێک کەس لەش و لارێکی رێکیان هەیە، ئەمەش بەشێکی زۆری بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، ئەوان لە رووی بۆ ماوەییەوە چانسێکی زۆر کەمتریان هەیە کە قەڵەو ببن”.

دەشڵێت: “ئەگەر ئەو کەسانەی بەهۆی جیناتیانەوە قەڵەون، دەرمانی تایبەتیان پێبدرێت و کۆنتڕۆڵی ئەو جۆرە جینانە بکەن، ئەوان دەتوانن کێشەی قەڵەویی چارەسەر بکەن”.

زۆر کەس پرسیاری ئەوە دەکات بۆچی هەندێک کەس، سەرەڕای خواردن و خواردنەوەی زۆر، قەڵەو نابن، لە کاتێکدا هەندێکی دیکە، بە خواردنێکی کەم، قەڵەو دەبن و کێشیان زیاد دەکات، پسپۆڕان هۆکاری ئەم حاڵەتە بۆ جینات و هۆکارە بۆ ماوەییەکان دەگەڕێننەوە.

Back to top button