ڕۆشتن بۆ ماوەی سەعاتێک لە ھەفتەیەکدا تەمەنی مرۆڤ درێژ دەکات

پزیشکانی دڵ لە پێنج زانکۆی ئەمریکا توێژینەوەیەکیان ئامادەکردووە و ڕایانگەیاندووە کە ڕۆشتن بۆ ماوەی یەک سەعات لە ھەفتەیەکدا ڕۆڵی لە درێژکردنی تەمەنی مرۆڤدا ھەیە.

لەو توێژینەوەیەشدا پەنجا و پێنج ھەزار کەس بەشدارییان کردووە و تەمەنیان لە نێوان ھەژدە بۆ سەد ساڵاندا بووە.

دەرکەوتووە کە ئەو کەسانەی وەرزشی ڕۆشتنیان ئەنجامداوە حاڵەتەکانی گیان لەدەستدان لە نێویاندا کەمتر بووە و ئەو کەسانەشی کە وەرزشی دیکە لەگەڵ ڕۆشتندا دەکەن گیان لەدەستدانی پێشوەخت لە نێویاندا بە ڕێژەی لە سەدا چل و سێ کەمترە.

بەڵام ئەوانەی کە تەنھا ڕۆشتنیان ئەنجامداوە, گیان لەدەستدانی پێشوەخت لە نێویاندا بە ڕێژەی لە سەدا سی کەمتر بووە.

ھاوکات ئەو کەسانەی کە وەرزشی دیکە ئەنجام دەدەن و بەڵام ڕۆشتن یەکێک نییە لە پڕۆگرامی وەرزش کردنیان مەترسی گیان لەدەستدانی پێشوەخت لە نێویاندا بە ڕێژەی لە سەدا دوانزە کەمتر بووە.

Back to top button