فازڵ میرانی: پارتی بە مەرجی دانانی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکوومەت بە یەکێتی دەدا

فازڵ میرانی تەواوی وردەکارییەکانی گفتوگۆکانی نێوان پارتی و یەکێتی و گۆڕانی لەبارەی پێکهێنانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرا کرد و ڕای گەیاند کە حزبەکەی بە مەرجی دانانی قوباد تاڵەبانی، پۆستی جێگری سەرۆکی حکوومەت بە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەدات.

میرانی سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان له‌ چاوپێكه‌وتنێكیدا له‌گه‌ڵ (ده‌نگی ئه‌مریكا) ڕای گه‌یاند، خەریکە کەلتووری دواکەوتنی پێکهێنانی حکوومەت لە هەرێمی کوردستانیشدا بە تەواوی دەردەکەوێت و هۆکارەکەی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە هیچ لیستێک بە تەنیا ٥٠+١ی کورسییەکانی نەهێناوە. گوتیشی: ”کێشەی سەرەکی ئەوەیە برادەرانی یەکێتی بابەتی بەغدا و سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتیان بەیەکەوە بەستووەتەوە، لەکاتێکدا ئەمانە جیاوازن، ئێمە دەمانەێت حکومەت لە ھەرێم پێکبێت، دواتر چارەسەری ھاوبەش بۆ بەغدا و کەرکووک دابنێین پێکەوە”.

ڕوونیشی کردووەتەوە کە لەم دوو ڕۆژەدا کۆبوونەوەکان لە نێوان پارتی گۆڕان لە لایەک و مەکتەبی سیاسیی پارتی و یەکێتی لەلایەکی دیکەوە ئەنجام دەدرێن و هیوای خواستووە لە مانگی شوباتدا بگەنە ڕێککەوتن. دووپاتیشی کردەوە: ”پارتی پشووی درێژە، بەڵام تا ڕادەیەکی سنوردار، ئەگەر ھەر بینیمان لایەنی بەرامبەر شتەکان مەرجدار دەکات، ڕەنگە بۆ دانوستاندان ئێمە نەرمیی زۆرمان تێدا بێت، بەڵام بۆ مەرجدانان، ئێمە مەرجمان لەسەر خەڵک نییە و بە ئاسانیش مەرجی خەڵک لەسەر خۆمان قەبووڵ ناکەین”.

فازڵ میرانی لە چاوپێکەوتنەکەیدا لەگەڵ بەشی کوردیی (دەنگی ئەمریکا) نەیشاردووەتەوە کە پارتی و یەکێتی هەرچەندە تەواوکەری یەکترن، هەرچەندە لە کابینەی هەشتەمی حکوومەتدا پارتی و لایەنەکان حکوومەتیان پێکهێناوە و بواریشیان بۆ یەکێتی هێشتووەتەوە تاوەکوو بەشداری بکەن. لەمبارەیەشەوە دووپاتی کردۆتەوە: ”لە ئیسلامدا تەڵاق حەڵاڵێکی مەکروھە، ئەم بژاردەیەش لای ئێمە مەکروھە، بەڵام ڕاستییە کە دەبێت ھەندێکجار مرۆڤ پەنا ببات بۆ ئەو مەکروھان”.

فازڵ میرانی ئاماژەشی بەوە داوە کە نایەوێت برینەکە بکولێنێتەوە، لە کاتێکدا کەرکووکیان لەدەست دەرھێناین، ڕاشکاوانە بڵێم حکومەتی عیراق بە ئاسانی کەرکووک ناداتەوە، خەونەکەی ھاتە دی و دەستی بەسەر کەرکووکدا گرت، ئێستا لەگەڵ برادەرانی یەکێتی لیژنەیەک ھەیە سەردانی بەغدا دەکەن، بۆ ئەوەی لەگەڵ حکوومەتی عێراق ڕێک بکەون بۆ دانانی پارێزگار، بەڵام بەم دۆخەی ئێستای کەرکووکەوە نا، چونکە دانانی پارێزگارێک لە ژێر دەسەڵاتی عەسکەر و حەشدی شەعبی قەبووڵ ناکەن، ھەندێک لەبرادەرانی یەکێتی چاوی خۆیان بەستووە، دەیانەوێت چاوی ئێمەش ببەستن، خۆ نیوەی سەرکردایەتی یەکێتی تا ئێستاش ناوێرن لە کەرکووک ھاتوچۆ بکەن”.

لە بەشێکی دیکەی چاوپێکەوتنەکەدا، فازڵ میرانی بە ڕاشکاوانە گوتوویەتی: ”ئەو ئۆفەرەی ئێمە بۆ یەکێتی ھەمانە، ھەر حسابمان بۆ کورسییەکانیان نەکردووە کە (٢١) کورسییە، بەڵکو حسابمان بۆ واقیعیەت و مێژووی یەکێتی کردووە، سەرۆکی پەرلەمانمان خستۆتە بەردەستیان، ھەروەھا یەک جێگری سەرۆک وەزیران ھەبێت، بەڵام بەو مەرجەی قوباد تاڵەبانی بێت، بۆ غەیری قوباد ڕازی نابین، وەزارەتی سیادییان دەدەینێ، لەبەغدا سەرۆک کۆماریان ھەیە، هەروەها برادەرانی گۆڕانیش پۆستی جێگری سەرۆکی ھەرێم وەربگرن و پۆستەکانی دیکەش بەپێی ڕێککەوتن لەنێوان ھەموو لایەک و پێکھاتەکانی تر مافی خۆیانە پشکیان لە یەکێک لە سەرۆکایەتییەکان ھەبێت”.

میرانی نەیشاردووەتەوە کە یەکێتی کێشەی پۆستیان نییە، بەڵکوو کێشەی قوباد تاڵەبانییان هەیە، ”ئێمە خەڵکی گوندێکین، یەکتر باش دەناسین کە دەڵێین کێشەی یەکێتی کاک قوبادە، مەبەستمان دەست وەردان نییە، بەڵام یەکێتی چۆن لەناوەڕۆکی پارتی تێدەگات، ئێمەش باش لەناوەڕۆکیان تێدەگەین، بۆیە ئێمە دەمانەوێت ھاوکاریان بین لەچارەسەرکردنی کێشەی کاک قوباد، چونکە جگە لەوەی کوڕی مام جەلالە، ھاوکات کەسێکی بەتوانایە، باشە ئەگەر جێگری سەرۆک وەزیران نەبێت، ئەی چی لەکاک قوباد بکەین؟”.

 

 

 

 

 

Back to top button