پەرلەمانتارێكی پارتی: هەموو پۆستەكانی كورد لە بەغدا بۆ كورد وەردەگرینەوە

 

لەگەڵ ئەوەی لە كابینەكانی رابردووی عێراق جگە لە پۆستە سەرەكی و سیادیەكان لە نێو جومگەكانی دیكەی حكوومەت پێگەی هەبوو بەڵام زۆرێكیان لە پۆستەكانیان دوور خراونەتەوە, پەرلەمانتارێكی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت، لە كابینەی نوێی حكوومەتی عێراقی فیدراڵدا كورد جگە لە پۆستە سیادییەكان كۆمەڵێك پۆستی دیكەی بەردەكەوێت و تا ناوەڕاستی ئەمساڵیش كورد هەموو پۆستەكانی لە بەغدا وەردەگرێتەوە.
مەیادە نەجاڕ، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان، رایگەیاندووە: “پێشتر لە كابینەكانی حكوومەت زۆرینەی پۆستەكان لە كورد وەرگیرابوونەوە و ئێستا بڕیارە لە كابینەی نوێدا سەرجەم پۆستەكانی خۆی بە كورد بدرێتەوە، لە بریكار و بەڕێوەبەری گشتی و هەر پۆستێكی دیكەی پشكی كورد بێت و ئێستا سەرۆكایەتیی پەرلەمان كە نوێنەری كوردیشی تێدایە و جێگری سەرۆكی پەرلەمانە كار بۆ ئەو بابەتە دەكەن، بۆ ئەوەی پشكی كورد بگەڕێندرێتەوە و پۆستەكانی كورد بدەنەوە.”
وتیشی: “ئێمەش داوا لە هەرێمی كوردستان دەكەین كە كاندید بۆ سەرجەم پۆستەكان دیاری بكەن، بۆ ئەوەی ئەو پۆستانەی بەر كورد دەكەون وەریگرینەوە، چونكە ئەمانە پشكی كوردن.”
ئەو پەرلەمانتارە باسی لەوەش كرد: “دواین مۆڵەت بۆ ئەوەی كورد سەرجەم پۆستەكانی لە كابینەی نوێی حكوومەتی عێراق پڕ بكاتەوە تا ناوەڕاستی ئەمساڵە، بۆیە تا ئەوكات هەموو پۆستەكانی پێشتر لە كورد وەرگیراونەتەوە، پێی دەدرێنەوە.”

Back to top button