ئێران ستراتیژی داهاتوومان رەشكردنەوەی ئیسرائیلە لەسەر نەخشەی جیهان
لەگەڵ زیاتر بوونی گرژی لە پەیوەندیەكانی نێوان ئیسرائیل و ئێران, هێڕشكردنە سەر چەند بنكەیەكی سەربازی ئێران لە سوریا ئێستا ئەم دوو وڵاتە بەردەوامن لە هەڕەشەكردن لەیەكتری, جێگری فەرماندەی گشتی سوپای پاسدارانی ئێران دەڵێت، ئامانجی سەرەكیان سڕینەوەی ئیسرائیلە لە نەخشەی سیاسی جیهان و تەلەئڤیڤیش بە كردەوە شەڕانگێزیەكانی ئەم دواییەی، خۆی لەو چارەنوسە نزیك دەكاتەوە.
بەپێی هەواڵێكی ئاژانسی تەسنیم، حسێن سەلامی جێگری فەرماندەی گشتی سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاندووە: ئەگەر ئیسرائیل هەنگاوێك بەرەو هەڵگیرسانی شەڕێكی نوێ ببات، ئەو جەنگە هەمان ئەوە جەنگەیە كە دەبێتە مایەی سڕینەوەی ئیسرائیل.
وتیشی: فەلەستین بە تەواوەتی لە ئیسرائیل پاكدەكرێتەوە و تەنانەت ئیسرائیلیەكان لەسەر خاكی فەلەستین گۆڕستانێكشیان بۆ ناشتنی تەرمی كوژراوەكانیان دەستناكەوێت.
ئەو فەرماندە سەربازیەی ئێران بە ئاماژەدان بە هێرشەكانی ماوەی رابردووی ئیسرائیل بۆ سەر چەند بنكەیەكی سەربازی لە سوریا وتی: ستراتیژی ئێمە لە ناوبردنی ئیسرائیلە و تەلەڤیڤیش بەو هەنگاوە شەڕانگێزیانەی خۆی زیاتر لەو چارەنوسە نزیك دەكاتەوە.