كۆبوونەوەی باڵای نێوان پارتی و یەكێتی بەڕێوە دەچێت

بڕیارە ئەمڕۆ كۆبوونەوەی باڵا لە نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی بەڕێوە بچێت و پرسی بەرنامەی حزبی بۆ حكوومەت بخەنە گفتوگۆ و پڕۆژەی ئامادەكراوی هەریەكەیان بۆ پرسی پێكهێنانی كابینەی نوێ تاوتوێ بكرێت.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی ده‌ست (خـواكوڕك) كه‌وتوون، بڕیارە ئەمڕۆ پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی كۆ ببنەوە و كۆبوونەوەكەیش لەسەر ئاستی باڵا بەڕێوە دەچێت،  پڕۆژەی ئامادەكراوی هەریەكەیان بۆ پرسی پێكهێنانی كابینەی نوێ تاوتوێ دەكرێت.

لە زانیارییەكاندا هاتووە، دوای كۆبوونەوەی نێوان پارتی و یەكێتی، بڕیار لەسەر كۆبوونەوەی سێقۆڵی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی و بزووتنەوەی گۆڕِان دەدرێت، هەروەها كۆبوونەوەی ئەمڕۆ لە شاری هەولێر ئەنجام دەدرێت.

لە هەڵبژاردنەكانی 30ـی 9ـی ساڵی ڕِابردوو پارتی دیموكراتی كوردستان بوو بە حزبی یەكەم و یەكێتی دووەم بە جیاوازییەكی زۆر لە كورسییەكان و گۆڕان پلەی سێیەمی بەدەستهێنا.

پارتی خاوەنی 45 كورسیی پەرلەمانی كوردستانە و هێزی یه‌كه‌م و براوه‌یه‌ ئەركی پێكهێنانی حكوومەتی داهاتووی كوردستانی لە ئەستۆیە، تا ئێستە سێ جار لەگەڵ یەكێتی و گۆڕان كۆ بووەتەوە بۆ ئەوەی بەشدارییان لە حكوومەتی داهاتووی كوردستان پێ بكات.

 

 

Back to top button