د.ڕۆژ نوری شاوهیس : کاک ئیدریس کێوێکە لە مێژووی میللەتەکەمان
ئەمڕۆ سێشەممە ۲۹ـی كانوونی دووهمی ۲۰۱۹ لە پیرمام ۳۱مین ساڵیادی کۆچی دوایی ئیدریس بارزانی شەهیدی سەرکردەی پارتی دیموکراتی کوردستان بەڕێوە چوو، کە تێیدا د. ڕۆژ نووری شاوەیس، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی لە وتارێکدا ئاماژەی بەوە کرد، کە بەشێک لە دەسکەوتەکانی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان دەگەڕێنەوە بۆ خەباتی بارزانیی نەمر و ئیدرس بارزانی و هاوڕێکانی.
د. ڕۆژ نووری شاوەیس لە گوتارەکەیدا گوتی: ” بەردەوام بیرەوەری و ساڵیادی نەمر ئیدریس بارزانی تێکەڵ بە دەسکەوتەکانی کوردستان بووە، چونکە ژیان و خەباتی ئەو بە دەسکەوتەکانی نەتەوەکەمانەوە گرێ دراوە”.
ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسیی باسی لەوەش کرد کە دووژمنانی دەرەکی و نەیارانی ناوخۆ هەوڵیان دا پرۆسەی ڕیفراندۆم سەرنەگرێت، بەڵام دواجار پرۆسەکە سەرکەوت”.
شاوەیس ئاماژەی بەوەش کرد: “ڕیفراندۆم ئاوات و خواستی گەلەکەمان بوو بۆ ئازادی، بۆیە دەنگیان دا و پرۆسەکەیان سەرخست، جەختیشی لەسەر ئەوە کردەوە کە ئەو ڕیفراندۆمە جگە لەوەی لەسەر داوای جەنابی سەرۆک بارزانی بوو، هاوکات بەشێک لەو دەسکەوتانە بۆ خەباتی برای هەمیشە زیندوومان کاک ئیدریس و هەڤاڵەکانی تری و لە سەروویانەوە، بۆ خەباتی بارزانیی نەمر دەگەڕێنەوە”.
دکتۆر ڕۆژ نووری شاوەیس گوتیشی: “خەباتی نەتەوەیەک وەک زنجیرەیەک وایە، ناتوانی لێکیان جیا بکەیتەوە، خەباتی میللەتێک لە دەسپێکەوە تا ئەگاتە ئامانجی خۆی، یەک کتێبە کە هەموو لاپەڕەکانی پێکەوە بەندن و هەر خشتێکی لەسەر خشتێکی تر بینا کراوە”.
شاوەیس باسی نزیکی و پەیوەندیی خۆی و نێوان شەهید ئیدریس کرد و گوتی: “بیرەوەرییەکان زۆرن، ئێمە لە منداڵی و قوتابخانەدا پێکەوە بووین، هاوڕێی سەردەمی گەنجایەتی بووین، لە ساڵانی هەشتاشەوە بەتایبەتی دوای کۆچی دوایی بارزانیی نەمر، هاوخەباتی یەکتری بووین و لە دۆخێکی زۆر زەحمەتدا کارمان کردووە و ئێوەیش کە لێرە ئامادەن، هەمووتان ڕۆڵتان لەو خەباتە سەختەدا هەبوو، کە لە ساڵانی دوای 75ەوە دەستی پێکردەوە، تا گەلەکەمان بگاتە ئامانج.”
د. ڕۆژ لە درێژەدا ڕایگەیاند: “کاتێک دەمانەوێ باسی کاکە ئیدریسی هەمیشە زیندوو بکەین، باسکردنی لایەنەکانی ژیانی دەبێتە زەرورەت، کاکە ئیدریس کەسایەتییەک نەبوو کە هەر وا بە سادەیی بەسەریدا تێپەڕین، وەک ئەوەی بڵێین فڵان ساڵ لەدایک بووە و لە فڵان ساڵدا هاتە ڕیزی پارتییەوە و لە خەبات بەردەوام بوو و لە فڵان ڕۆژ و ساڵدا کۆچی دوایی کرد، بەڵکوو کاک ئیدریس کێوێکە لە مێژووی میللەتەکەمان”.
“ئیدریس” كوڕی رابەری مەزنی كورد “مستەفا بارزانی” نەمر لە ساڵی 1944 لە گوندی “بارزان”ی مەڵبەندی خواپەرستی و كوردایەتی و بەرخودان لە دایكبووە، كوڕی رابەری مەزنی كورد “مستەفا بارزانی” نەمرە و لە نێو هەلومەرجی شۆڕشی سێهەمی بارزان 1943 – 1945 و بارودۆخی ئاڵۆزی ئەو كات و دامەزراندنی كۆماری كوردستان لە مەهاباد و رووداوەكانی دوای جوانەمەرگ كردنی ئەو كۆمارە هاتۆتە دنیا و هەناسەی داوە و چاوەكانی پشكتوون. ساڵی 1947 “بارزانی نەمر” لەگەڵ 500 لە هەڤاڵانی كە لە رێڕەوێكی مێژووی دا توانیویانە داستانێكی گەورە لە مێژوودا تۆمار بكەن و وەك پێویستی و وەڵامدانەوەیەكی واقیعی ئەوكات خۆیان بگەیەننە یەكێتی سۆڤیەتی جاران، كاك “ئیدریس بارزانی ” ئەو كات تەمەنی 4 ساڵان دەبێت، لەگەڵ بنەماڵەكەیاندا دووچاری ئاستەنگ و دەربەدەری دەكرێن و بە دەستبەسەر بۆ خوارووی عێراق دوور دەخرێنەوە و لە لایەن رژێمی ئەو كاتی عێراق بۆ ماوەی 11 ساڵ تووشی ژیانێكی پڕ ئەستەم دەبن لە شارەكانی بەسرە و مووسڵ و بەغدا. لەگەڵ ئازار و زەحمەتەكانی ژیان ئاوارەییدا درێژە بە خوێندن دەدات تا گەڕانەوە سەر بەرزانەكەی “بارزانی نەمر” بۆ عێراق و كوردستان پاش شۆڕشی 14 ی تەمموزی ساڵی 1958 كە ئەو كات كاك “ئیدریس بارزانی” لە شاری بەغدا خەرێكی خوێندن دەبێت، دوای ئەو دابڕانە زۆرە بە دیداری” بارزانی “باوك و رابەر شاد دەبێت و دواتر دەگەڕێنەوە زێدی باوو باپیران لە خاكی كوردستان.
سەرەنجام پاش تەمەنێکی پڕ لە خەبات و تێکۆشان، كاتژمێر 6.30 ی سەرلەبەیانی رۆژی 31ی1ی1987 لە ناحیەی “سلیڤانا”ی سەر بە شاری”ورمێ”ی رۆژهەڵاتی كوردستان ماڵئاوایی دەكات و لە گۆڕستانی شاری “شنۆ” لە تەنیشت گڵکۆی پیرۆزی بارزانیی باوك و رابەر دەنێژرێ و ساڵی 1993 تەرمەکەی لەگەڵ تەرمی بارزانیی نەمر گەڕێندرایەوە باشووری کوردستان و لە مەزاری نەمران لە بارزان نێژرا.