فەرەنسا ژمارەیەك لەو چەكدارە فەرەنسیانە وەردەگرێتەوە كە لە ریزەكانی داعش جەنگاون و ئێستا بە دیلگراون

 

لەگەڵ كۆتا هاتنی جەنگی دژ بە داعش لە ئێستادا وڵاتان لە هەوڵی وەرگرتنەوەی ئەو هاوڵاتیانەی خۆیانن كە لە ریزەكانی داعش جەنگاون بە دیل كەوتوونەتە دەستی ئەو هێزانەی دژ بە داعش بوونە, لە ئێستاد حکومەتی فەرەنسا پلانی هەیە نزیکەی 130 لە هاووڵاتیانی خۆی کە بۆ شەڕکردن لە ریزکانی داعش ئەو وڵاتەیان بەجێهێشتووە و چوونەتە سووریا، وەربگرێتەوە.

ئەو چەکدارانە کە بە تۆمەتی ئەندامبوون و شەڕکردن بۆ رێکخراوی داعش دەستگیرکراون، لای هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) دەستبەسەرن و لە بەندیخانەکانی باکووری سووریا گلدراونەتەوە.

بەگوێرەی راپۆرتی میدیاکانی فەرەنسا، لە چەند هەفتەی داهاتوودا ئەو چەکدارانە رەوانەی فەرەنسا دەکرێن و رادەستی پۆلیسی ئەو وڵاتە دەکرێنەوە.

کریستۆف کاستانەر، وەزیری ناوخۆی فەرەنسا رایگەیاندووە، هەموو ئەو کەسانە دوای گەڕانەوەیان بۆ فەرەنسا دەبرێنە دادگا و دادوەر بڕیار لەسەر چارەنووسیان دەدات.

لە ناو ئەو هەزاران چەکدارەی داعش کە لای هەسەدە دەستبەسەرکراون، چەند سەرکردەیەکی دیاری داعش هەن؛ وەک ئادریان گویهال کە نەخشەداڕێژەری چەند هێرشی سەر فەرەنسایە لە ناویاندا هێرشەکەی ناو شاری نیس کە 87 کەسی تێدا کوژران.

فەرەنسا تەنیا وڵات نییە کە بە وەرگرتنەوەی هاووڵاتییەکانی نێو داعش رازی بووە؛ وڵاتانی دیکەی وەک ئەمریکا، لوبنان، رووسیا، ئەندەنووسیا و سوودانیش لەسەر وەرگرتنەوەی هاووڵاتییەکانیان رازی بوون.

Back to top button