ڤەنزویلا لە بەردەم دوو سەرۆك و دان پێدانانی وڵاتان
دوای ئەوەی خوان گوایدۆ سەركردەی ئۆپۆزسیۆنی ڤێنزوێلا و سەرۆكی پەرلەمانی ئەو وڵاتە و سەركردەی ئۆپۆزسیۆن لەناو ئاپۆڕای خۆپیشاندەرانی دژی سەرۆكی وڵاتەكە خۆی وەك سەرۆكی كاتی دیاری كرد و سوێندی یاسایی خوارد، بەو هەنگاوەش ئێستا دوو سەرۆك لەو وڵاتەدا بونیان هەیە.
دوای ئەو راگەیەندراوە، دۆناڵد ترامپ سەرۆكی ئەمریكا، كە دژی دەسەڵاتی نیكۆلاس مادۆرۆی سەرۆكی ڤێنزێلایە، هەرزوو پێشوازی لەو هەنگاوە كرد و پشتگیری خۆی بۆ سەرۆكی كاتیی ڤێنزوێلا راگەیاند. دوابەدوای ئەویش كۆڵۆمبیا، بەڕازیل و پاراگوای بەهەمان شێوە پشتگیرییان كرد، دوای ئەوانیش ئەمینداری گشتی رێكخراوی وڵاتانی ئەمریكا پشتگیری ئەو هەنگاوەی كرد.
لەلایەكی دیكەوە یەكێتیی ئەوروپا داوا دەكات گوێ لەداواكاریەكانی گەل بگیرێت و هەڵبژاردنی ئازادانە ئەنجام بدرێت. دۆناڵد توسك سەرۆكی ئەنجومەنی ئەوروپیش پشتگیری سەرۆكی كاتی ڤێنزوێلای راگەیاند و تائێستاش ژمارەی ئەو وڵاتانەی پشتگیری ئەو سەرۆكە نوێیە دەكەن، گەیشتونەتە 10 وڵات.
وەك هەر بابەتێكی دیكەی جیهانی، وڵاتان بوون بەدوو بەشەوە و ژمارەیەك وڵات سەرۆكی كاتی رەتدەكەنەوە و مادۆرۆ بە تاكە سەرۆكی ئەو وڵاتە دەزانن، لەناویشیاندا كوبا و مەكسیك پشتگیری خۆیان بۆ مادۆرۆ راگەیاندوە و تەئكید لەسەر ئەوە دەكەنەوە، كە تاكە سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەو وڵاتەیە.
لەلایەكی دیكەوە روسیا بەهەمان شێوە پشتگیری خۆی بۆ حكومەتی هەڵبژێردراوی ئێستا دوپاتكردوەتەوە و سێرگی ریباكۆڤ جێگری وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە جەختیكردۆتەوە، دان بەسەرۆكی شەرعی ڤێنزوێلادا دەنێن، ئەوەی رودەدات كودەتایە، هۆشداریش دەداتە ئەمریكا ئەگەر بیر لەدەستوەردانی سەربازی بكاتەوە.
لەناوخۆی ڤێنزوێلاش، دوو بەرە دروست بوە، وەزیری بەرگری ئەو وڵاتە سەرۆكی كاتی رەتدەكاتەوە و وتویەتی “ئێمە سەربازی نیشتمانین، سەرۆكێك قبوڵ ناكەین لەسێبەری بەرژەوەندیەكی نادیارەوە بەنایاسایی خۆی راگەیاندوە، هەروەك سوپا بەرگری لە دەستوری وڵات دەكات”.
لەلایەكی ترەوە دادگای باڵای ڤێنزوێلا، كە باڵاترین دەسەڵاتی یاسایی ئەو وڵاتەیە، داوای كردووە لێكۆڵینەوە لە ئەندامانی پەرلەمان بكرێت، چونكە دەسەڵاتەكانی مادۆرۆیان زەوتكردوە.
هەرچی شەقامیشە پشتگیری سەرۆكی نوێ دەكات و خۆپیشاندانەكان توندتربونەتەوەو لەدوو رۆژی رابردودا 13 خۆپیشاندەر كوژراون، لایەنگرانی مادۆرۆ جلی سوریان لەبەر كردوە و هاتونەتە سەر شەقامەكان و لایەنگرانی ئۆپۆزسیۆنیش جلی سپی، خۆپیشاندان زۆرینەی ناوچەكانی ئەو وڵاتەی گرتووەتەوە و تائێستا چارەنوسی دەسەڵات لە ڤێنزوێلادا نادیارە، ئەمریكا هەڕەشەی ئەوە دەكات ئەگەر هێز دژی خۆپیشاندەران بەكاربهێنرێت، ئەوا دەستوەردانی سەربازی دەكات.