سەرۆك بارزانی پێشوازی لە شاندێكی یەكێتیی ئەوروپا دەكات
ئهمڕۆ چوارشەممە 30ـی 1ـی 2019 لە سەلاحەددین سەرۆك بارزانی پێشوازی لە شاندێكی یەكێتیی ئەوروپا كرد كە پێكهاتبوو لە جێن كریستۆڤ بێڵاڕد جێگری ئەمینداری گشتیی یەكێتی ئەوروپا بۆ كاروباری سیاسی و ڕامۆن بلیكۆ باڵیۆزی یەكێتیی ئەوروپا لە عێراق و كلاریس پاسۆری بەرپرسی نووسینگەی یەكێتیی ئەوروپا لە هەولێر.
لە دیدارەكەدا بارودۆخی سیاسیی ناوچەكە و پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و هەروەها پڕۆسەی سیاسیی هەرێمی كوردستان تاوتوێ كرا و جێگری ئەمینداری گشتیی یەكێتی ئەوروپا بۆ كاروباری سیاسی وێڕای ئاماژەدان بە ڕۆڵ و پێگەی سەرۆك بارزانی لە پڕۆسەی سیاسیی عێراق ئەوەی خستەڕوو كە كەشێكی ئیجابی لە نێوان هەولێر و بەغدا هاتووەتە ئاراوە و یەكێتیی ئەوروپا سەقامگیریی هەرێمی كوردستان و باشتربوونی پەیوەندییەكانی لەگەڵ بەغدا بەلاوە گرنگە.
پەیوەست بە هەڵبژاردنەكان و پڕۆسەی سیاسیی هەرێمی كوردستان جێگری ئەمینداری گشتیی یەكێتی ئەوروپا بۆ كاروباری سیاسی ڕایگەیاند كە هەرێمی كوردستان لەسەر ڕێگەیەكی دروست هەنگاو دەنێت و هیوای خواست كە هەرێم ببێتە نموونەیەك بۆ شوێنەكانی تری ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
جەختیشی لەوە كردەوە كە یەكێتیی ئەوروپا ئامادەیە بۆ یارمەتیدان و هاوكاری و پێدانی ڕاوێژ بە هەرێمی كوردستان لەبوارەكانی كارگێڕی و چاكسازی و داراییدا.
هەڕەشەكانی تیرۆر لەسەر ئاساییشی ناوچەكە تەوەرێكی دیكەی ئەو دیدارە بوو و سەرۆك بارزانی وێڕای ئاماژەدان بە قوربانیدانی خەڵكی كوردستان لە شەڕی تیرۆر ئەوەی دووپاتكردەوە كە ئەوە پێشمەرگە بوو كە بە قارەمانێتی و گیانفیدایی ئەفسانەی داعشی شكاند. ڕایشیگەیاندكە داعش لەڕووی سەربازییەوە تێكشكاوە بەڵام مەترسییەكانی لە عێراق و سووریادا هەر ماوە.
لە بەشێكی دیكەی ئەو دانیشتنەدا ڕۆشنایی خرایە سەر بارودۆخی سووریا و ئاییندەی گەلی كورد لەو وڵاتە و سەرۆك بارزانی نیگەرانییەكانی خۆی لەبارەی ئاییندەی كورد و هەروەها بۆچوون و پێشنیارەكانی لەبارەی چۆنییەتی چارەسەركردنی كێشەكانی گەلی كورد لە سووریا و پێشهاتە تازەكان بە شاندی میوان گەیاند.